ژمارەى پەنابەران لە یۆنان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست

هەواڵ / جیهان :: 18/09/2019‌ :: 558‌ جار بینراوە

تاگ :: پەنابەران

دواڕۆژ

ژمارەى ئەو پەنابەرانەى لە تورکیاوە روویان لە دوورگەکانى یۆنان کردووە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ساڵى 2016وە.


زیادبوونى پەنابەران هاوکاتە لەگەڵ دووبارەکردنەوەى هەڕەشەکانى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکى تورکیا دەربارەى کردنەوەى سنوور بە رووى ئەوانەى دەیانەوێت روو لە ئەوروپا بکەن.

وەزارەتى پاراستنى هاووڵاتیانى یۆنان (رۆژى سێشەممە 17ى ئەیلولى 2019) رایگەیاند: زیاتر لە 26 هەزار پەنابەر لە دوورگەى دەریاى ئیجەى یۆنان هەن، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە تۆمار کرا بێت لەپاش واژۆکردنى رێککەوتنى نێوان یەکێتى ئەوروپا و تورکیا لە ساڵى 2016 بۆ وەستاندنى شەپۆلى پەنابەران بەرەو ئەوروپا.

وەزارەتەکە روونیشیکردەوە: ژمارەى ئەو کەسانەى دەگەنە دوورگەکە و لە تورکیاوە دێن لە مانگى نیسانى رابوردووەوە بەنزیکەیى بووەتە دوو هێندە کە ئەوکات ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەى 14 هەزار کەس.

رێژەى گەیشتنى پەنابەران بەتایبەت لە دوو مانگى رابوردوودا بەشێوەیەکى بەرچاو زیادیکردووە، وەک ئەوەى وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە.

ئاشکراکردنى ئەو ژمارەیە هاوکاتە لەگەڵ دووبارەکردنەوەى هەڕەشەکانى ئەردۆغان دەربارەى کردنەوەى سنوور بە رووى پەنابەران بۆ چوونە ئەوروپا، ئەگەر پشتیوانى تەواوەتى نەکرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ بەدەستهێنانى پارە و پشتیوانى سیاسى بۆ دامەزراندنى ناوچەى ئارام لەنێو خاکى سوریادا.

لە ساڵى 2016دا یەکێتى ئەوروپا رەزامەندى نیشاندا لەسەر پێدانى شەش ملیار یۆرۆ بە ئەنقەرە بەشێوەى هاوکارى لە بەرامبەر رێگریکردن لە پەنابەران بۆ پەڕینەوە بە خاکەکەیدا بەرەو ئەوروپا.

ئا: شیروان شەریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure