لایه‌نێكی عه‌ره‌بی تانه‌ له‌ ناوی لیستە هاوبەشەکەی حیزبه‌ كوردستانییه‌كان ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 228‌ جار بینراوە

دواڕۆژ؛یوسف موراد


له‌ماوه‌ی رابوردوودا حیزب و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ دیاریكردنی واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، له‌ڕێگه‌ی زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌یه‌ك لیست و ناوی لیسته‌كه‌ش كه‌ركوك كوردستانییه‌، لایه‌نێكى عه‌ره‌بیش تانه‌ له‌ ناوی ئەو لیسته‌ ده‌دات.
 

جه‌نگی عیزه‌دین، لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ حیزبییه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌ره‌ی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی له‌كه‌ركوك تانه‌یان له‌ناوی ئه‌و لیسته‌ داوه‌ كه‌ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانی كه‌ركوك رێككه‌وتون له‌سه‌ر به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكه‌ن.

وتیشی: "تائێستا ئه‌و تانانه‌ ئاڕاسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نه‌كراوه‌ و نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا".

بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ناوی لیسته‌كانیان پێشكه‌ش به‌ كۆمسیۆنی باڵاى سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژادنه‌كان بكه‌ن و رێكاره‌كان ته‌واو بكه‌ن.

عه‌بدولباست ده‌روێش، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌كو نووسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆن، هیچ نووسراوێك یان تانه‌ ئاراسته‌یان نه‌كراوه‌ و بێ ئاگایی خۆشی ده‌ربڕی بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ناوی ئه‌و لیسته‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌رێگه‌یه‌وه‌ به‌شداری بكه‌ن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. 

پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure