"حەوت بەنزینخانە لە سلێمانی بە نایاسایی دروستدەكرێن"

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 412‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: حەوت بەنزینخانە دروستدەكرێن كە یاسایی نین، لەكاتێكدا شارەکە پێویستی بە بەنزینخانە نییە، پارێزگاریش رەتیدەکاتەوە نایاسایى بن.


كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەم ماوەیە لە سلێمانی نزیكەی شەش بۆ حەوت بەنزینخانە بەنایاسایی دروستدەكرێن، دەسەڵات و ئیدارەی سلێمانیش مەبەستیان نییە رێگە لەم جۆرە زیادەڕەوییانە بگرن، چونكە بەپێی رێنمایی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردانی كۆتایی بۆ پێدانی مۆڵەتی بەنزینخانە دەكات، پاشان  لیژنەیەك لەلایەنە پەیوەندیدارەكان پێكدێت و دواتر مۆڵەتیان پێدەدرێت.

روونیشیكردەوە: بەپێی نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی سوتەمەنی و كانزاكان لەئێستادا سلێمانی پێویستی بە كارگەی غاز و وێستگەی سوتەمەنی نییە، چونكە لەنێو شار 72 وێستگەی سوتەمەنی هەیە كە زۆر زۆرە، لە دەرەوەی شاریش 191 وێستگە هەیە، 79 كارگەی غازیش هەیە، بۆیە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران رێگە لە دروستكردنی بەنزینخانەی نایاسایی بگرێت.

 


لە بەرامبەردا هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رەتیکردەوە ئەو بەنزینخانانەی دروستدەکرێن نایاسایی بن و بە دواڕۆژی راگەیاند: بۆ کردنەوەى بەنزینخانە دەبێت رەزامەندی 18 لایەنی پەیوەندیدار وەربگیرێت، ئەگەر پێش بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بێت کە دەکاتە پێش مانگی 11ی ساڵی 2018 و رەزامەندی یەکەمی بۆ کرابێت ئەوە رەزامەندی کردنەوە وەردەگرن.  

وتیشى: "ئەگەریش بکەوێتە دوای ئەو بەروارە دەبێت رەزامەندی 18 لایەنە پەیوەندیدارەکە وەرگرن و ئەوانیش رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن بۆ پەسەندکردن".

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە