عەبدولمەهدى سەردانى چین و ئەمریکا دەکات

هەواڵ / عێراق :: 17/09/2019‌ :: 123‌ جار بینراوە
عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیرانى عێراق

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

بڕیارە رۆژى پێنجشەممەى داهاتوو سەرۆک وەزیرانى عێراق بە سەرۆکایەتى وەفدێک کە سێ پارێزگارى هەرێم لەخۆدەگرێت سەردانى کۆمارى چین بکات و راوێژکارێکى سەرۆکایەتى وەزیرانیش دەڵێت: سەردانى داهاتووترى عەبدولمەهدى بۆ ئەمریکا دەبێت.

عەبدولحسێن هنێن، راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رۆژى پێنجشەممە عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیران بە سەرۆکایەتى وەفدێکى گەورە کە وەزیران و راوێژکاران و 16 پارێزگار لەخۆدەگرێت سەردانى چین دەکات.

وتیشى: "بەرنامەى سەردانەکە و دۆسیە ئابورییەکانى کە لە ئەجێنداکەى سەرۆک وەزیراندا پڕۆژەى گەورە لە بوارى رێگاوبان و گواستنەوە و خزمەتگوزارى و خوێندن و تەندروستى و چەند بوارێکى تر دەگرێتەوە".

ئاماژەشیدا: هەردوو لایەنى عێراقى و چینى لە چەند مانگى رابردوودا ئامادەکارى پێویستیان بۆ سەردانەکە کردووە. 

پێشبینى ئەوەشى کرد کە گرێبەست و رێککەوتنى گەورە لە کەرتەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ و بنیادنانى قوتابخانە و نەخۆشخانە و شوێنى نیشتەجێبوون و رێگاوبان و شەمەندەفەر و پرددا بکرێت.

راوێژکارەکەى سەرۆک وەزیران روونیشیکردەوە: چین نابێتە دواین ویستگە، بەڵکو ئاراستەیەکى زۆر هەیە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەمەبەستى واژۆکردنى گرێبەستى گەورە و ئامادە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکاندا.

وەفدەکەى عێراق بۆ چین جگە لە وەزیر و راوێژکار و دیبلۆماتکاران هەریەک لە پارێزگارەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆکیش لەخۆدەگرێت.

ئا: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure