عێراق رووبه‌ڕووی دوژمنێكی نوێ ده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 17/09/2019‌ :: 2230‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

عێراق كه‌ له‌ رابوردوودا وڵاتێك بوو به‌ده‌گمه‌ن حاڵه‌تی به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ری تێدابوو، ئێستا به‌ده‌ست بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆ كاریگه‌ریی داگیركردنی ساڵی 2003 له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی.


ساڵی پار ته‌نیا له‌ پارێزگای به‌سره‌، كه‌ زۆرترین كێشه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ری هه‌یه‌، 1400 كه‌س كه‌ زۆربه‌یان پیاون به‌هۆی به‌كارهێنان یان بازرگانی به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌تی ماده‌ی كریستاڵه‌وه‌ دراون به‌ دادگا. له‌ شاره‌كانی عێراق جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان 6800 كه‌س به‌هۆی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ له‌ زینداندان.

رێژه‌كه‌ به‌ به‌راورد به‌ عێراق كه‌ 39 ملیۆن دانیشتووی هه‌یه‌ كه‌مه‌. به‌ڵام زۆرترین كێشه‌ له‌ به‌غدا و به‌سره‌ ده‌بینرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ كێشه‌كه‌ له‌ عێراقدا تازه‌یه‌، حكومه‌ت و كه‌سایه‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نازانن چۆن رووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌. به‌هۆی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ راگه‌یاندنه‌كان باسی ناكه‌ن.

به‌ وته‌ی نووسینگه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر و تاوانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تا 7 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر عێراق ته‌نیا شوێنی گواستنه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر بووه‌، به‌ڵام ئێستا به‌رهه‌مهێنان و به‌كارهێنانیش هه‌یه‌. بێكاریی یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر به‌تایبه‌تی له‌ گه‌نجاندا كه‌ 20%یان بێكارن.

زیندانه‌كان له‌ به‌سره‌ جێگه‌ی ده‌ستگیركراوانی ماده‌ی هۆشبه‌ریان تێدانابێته‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆریان به‌سه‌ر زیندانی بنكه‌كانی پۆلیس و راگرتندا ماونه‌ته‌وه‌. دوای نه‌مانی هێزێكی پۆلیسی به‌هێز له‌عێراقدا تاوانباران توانییان ماده‌ی هۆشبه‌ر بهێننه‌ عێراقه‌وه‌ و ئێستاش ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزبوون پۆلیس ناتوانێت رێگه‌یان لێبگرێت. كاتێكیش كه‌سێك ده‌ستگیرده‌كرێت به‌زوویی ئازادده‌كرێت و ئه‌مه‌ش گومانی له‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و میلیشیاكان دروستكردووه‌.

به‌شێكی زۆری ئه‌و ماده‌ هۆشبه‌ره‌ی له‌ عێراق به‌كارده‌هێنرێت له‌ جۆری كریستاڵه‌ كه‌ به‌شێكی هه‌ر له‌ عێراق به‌رهه‌مده‌هێنرێت، ئه‌وه‌ش له‌ دوای ئه‌وه‌ی وڵاتی ئێران هه‌ڵمه‌تێكی بۆ داخستنی تاقیگه‌كانی دروستكردنی ئه‌م ماده‌یه‌دا ئه‌نجامدا و به‌شێكی تاقیگه‌كان برانه‌ وڵاتانی دراوسێی ئێران.

ئێستا عێراق سه‌ره‌ڕای تیرۆر و گه‌نده‌ڵی، رووبه‌ڕووی دوژمنێكی تریش بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ماده‌ی هۆشبه‌ره‌ و به‌كارهێنانی له‌ عێراقدا له‌ زیادبووندایه‌.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure