كێ له‌پشت هێرشی سه‌ر نه‌وته‌كه‌ی سعودیه‌وه‌یه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/09/2019‌ :: 441‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئیداره‌ی ترامپ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ زۆرترین ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئێران له‌ پشت هێرشی سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كه‌ی سعودیه‌یه‌ كه‌ له‌ رۆژی شه‌ممه‌ 14ی ئه‌یلولدا ئه‌نجامدرا. به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئیداره‌كه‌، هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان و مووشه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ و له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ نه‌بووه‌. به‌ڵام ئێران به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.


ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌ به‌رده‌ستدایه‌ ته‌نیا چه‌ند وێنه‌یه‌كی مانگی ده‌ستكردن كه‌ به‌ بۆچوونی پسپۆڕان شوێن و بكه‌ری رووداوه‌كه‌ ناسه‌لمێنن.

ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئیداره‌ی ترامپ له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی تر لێكده‌ده‌ین و ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌مه‌ی لای خواره‌وه‌یه‌:
- كرده‌وه‌كه‌ زۆر له‌ كرده‌وه‌ی حوسییه‌كان پێشكه‌وتووتره‌ و به‌وه‌ش ئه‌گه‌ری به‌شداریی راسته‌وخۆی ئێران زیاتره‌.
- وێنه‌كان به‌س نین كه‌ بیسه‌لمێنن هێرشه‌كه‌ له‌ ئاراسته‌ی ئێران و عێراقه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.
- به‌ڵگه‌ی پێویست نییه‌ ده‌ریبخات چ جۆره‌ چه‌كێك به‌كارهێنراوه‌، به‌ڵام به‌وردیی لێدانه‌كاندا پێده‌چێت مووشه‌كی ئاراسته‌كراو به‌كارهێنرابێت.

كرده‌وه‌كه‌ له‌ ئاستی كرده‌وه‌ی حوسییه‌كان به‌رزتره‌
له‌ هێرشه‌كه‌دا 17 پێگه‌ی دوو دامه‌زراوه‌ی نه‌وتیی سعودیه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج و ئه‌مه‌ش كرده‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتووه‌ كه‌ له‌ توانای حوسییه‌كان زیاتره‌.

حوسییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانیان لێده‌كرێت كاتێك له‌ ساڵی 2015 هه‌وڵیاندا ده‌ست به‌سه‌ر یه‌مه‌ندا بگرن، سعودیه‌ جه‌نگی له‌ به‌رامبه‌ریان راگه‌یاند و 12 ملیۆن كه‌س كه‌وتنه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی برسێتی و هه‌زاران كه‌سی مه‌ده‌نی كوژران، به‌ڵام حوسییه‌كان هێشتا له‌ پایته‌خت و به‌شێكی زۆری وڵاتدا ماونه‌تەوه‌.

پێشتر حوسییه‌كان هه‌وڵیانداوه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرش بكه‌نه‌سه‌ر سعودیه‌ و زۆرجار فڕۆكه‌ی (سه‌مه‌د 3)یان به‌كارهێناوه‌ كه‌ چۆنایه‌تییه‌كی خراپی هه‌یه‌ و ناتوانێت بگاته‌ ئامانجه‌كه‌ی له‌ناو سعودیه‌ و به‌و وردییه‌ ئامانجه‌كه‌ بپێكێت.

به‌مدواییه‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی جۆری (قودس 1)یان به‌كارهێناوه‌ كه‌ پێشكه‌وتووتره‌ و توانای هه‌ڵگرتنی مووشه‌كی دوورهاوێژی هه‌یه‌ و به‌ بۆچوونی شیكه‌ره‌وه‌كان به‌مدواییه‌ بۆ هێرش كردنه‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌بهای نێوده‌وڵه‌تی به‌كارهێنراوه‌. به‌ڵام فڕۆكه‌ی (قودس 1) ناتوانێت له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ بگاته‌ دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی باكووری سعودیه‌.

مه‌ودا و قه‌باره‌ و وردیی كرده‌وه‌كه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی و خۆلادان له‌ تاوه‌ری كاره‌با و په‌یوه‌ندییه‌كان زۆر له‌و توانایه‌ زیاتره‌ كه‌ حوسییه‌كان له‌ رابوردوودا ده‌ریانخستووه‌. به‌ڵام به‌ بۆچوونی پسپۆڕانی ئاسایش ئه‌م توانایه‌ی ئێستا ده‌شێت ئه‌نجامی راهێنانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران بێت بۆ میلیشیاكانیان له‌ لوبنان و یه‌مه‌ن. دوای ئه‌وه‌ی سعودیه‌ توانی رێگری بكات له‌ مووشه‌كی حوسییه‌كان، ئێران راهێنانی حوسییه‌كانی له‌سه‌ر ته‌كنه‌لۆجیای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ده‌ستپێكرد و به‌ گروپ ده‌یانبات بۆ ئێران بۆ فێربوونی به‌ستن و به‌ڕێوه‌بردن و چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان.

شوێنی هێرشبه‌ره‌كان ناڕوونه‌
هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا باس له‌وه‌كرا كه‌ هێرشه‌كان له‌ باكوور و خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ واته‌ له‌ ئێران و عێراقه‌وه‌ ئه‌نجامدراون، به‌ڵام وێنه‌كانی دواتر ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ده‌شێت هێرشه‌كه‌ له‌ خۆرئاوای دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كه‌وه‌ كرابێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كان له‌ ئاراسته‌ی ئێران و عێراقه‌وه‌ پێكرابن نایسه‌لمێنێت هێرشه‌كه‌ له‌وێوه‌كرابێت، چونكه‌ مووشه‌كه‌ دوورهاوێژه‌كان توانای گۆڕینی ئاراسته‌یان هه‌یه‌ و ده‌شێت ئاراسته‌كه‌یان گۆڕابێت.

وردیی هێرشه‌كه‌ هاوشێوه‌ی مووشه‌كی ئاراسته‌كراوه‌
كاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌ی ئه‌مریكی رۆژی 15ی ئه‌یلول رایانگه‌یاند كه‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و مووشه‌كی دوورهاوێژی ئاراسته‌كراو له‌ هێرشه‌كه‌دا به‌كارهێنراون و وردیی لێدانه‌كان ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌كارهێنانی مووشه‌كی ئاراسته‌كراو.

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سعودیه‌ پاشماوه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانیان بڵاوكرده‌وه‌، وێنه‌كه‌ پێده‌چێت نوێ بێت، به‌ڵام كات و شوێنی ئه‌و وێنه‌یه‌ نه‌زانراوه‌. فابیان هینز كه‌ لێكۆڵه‌ره‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی ناوه‌ندی جه‌یمس مارتین بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رێگری بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی كۆكوژ پێیوایه‌ ئه‌و پاشماوه‌یه‌ ده‌ریده‌خات فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی قودس 1 بووه‌، به‌ڵام پێی وابوو پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زیاتر پێویسته‌.

هینز ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌و پاشماوه‌یه‌ی ناو وێنه‌كه‌ په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ هێرشه‌كه‌وه‌ ئه‌وا هێرشه‌كه‌ له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ نه‌كراوه‌، چونكه‌ مووشه‌كی قودس 1 له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ ناگاته‌ شوێنه‌كه‌".

رۆژی شه‌ممه‌ ئیداره‌ی ترامپ رایگه‌یاند كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌ڵگه‌ی زیاتری له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ ده‌ستده‌كه‌وێت. شیكه‌ره‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی تاوان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر پاشماوه‌كان ده‌توانن شوێن و دروستكه‌ر و به‌كارهێنه‌ری ئه‌و فڕۆكه‌ و مووشه‌كان دیاریبكه‌ن.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure