"مه‌ترسى له‌سه‌ر بودجه‌ و مووچه‌ى هه‌رێم نامێنێت"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 17/09/2019‌ :: 5392‌ جار بینراوە
ئه‌حمه‌د سه‌فار

دواڕۆژ، سامان قوبادى

دانوستانه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر دۆسیه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانى ساڵانى رابوردووى نێوانیان، به‌تایبه‌ت دارایى و نه‌وت، له‌كۆتایى نزیكبووه‌ته‌وه‌. دكتۆر ئه‌حمه‌د سه‌فار بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ له‌ سه‌ره‌تایى مانگى داهاتوودا هه‌رێم و به‌غدا رێكده‌كه‌ون و ده‌ڵێت: "بۆ ساڵى داهاتوو مه‌ترسى له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نابێت و هه‌وڵده‌ده‌ین جێگیرى بكه‌ین، تا هه‌رێمى كوردستان دووباره‌ تووشى قه‌یرانى دارایى نه‌بێته‌وه‌". 

دواڕۆژ: ئاماده‌كارییه‌كانى پڕۆژه‌یاسایى بوودجه‌ى2020 ى عێراق به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ هێشتا لاى وه‌زاره‌تى دارایى-یه‌ و كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، هه‌فتانه‌ به‌هاوبه‌شى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق كۆبوونه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت. پێشبینى ده‌كرێت له‌15ى تشرینى یه‌كه‌م بنێردرێته‌ په‌رله‌مانى عێراق.

دواڕۆژ: به‌و پێیه‌ بێت پێویسته‌ پێش مانگى10 هه‌رێم و ناوه‌ند بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌گه‌رنا به‌شى هه‌رێم نانێردرێت، وایه‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: دیار نییه‌، به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌نجامى رێككه‌وتنى هه‌ردوو حكومه‌تى ناوه‌ند و هه‌رێم، گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو شایسته‌ دارایى و ماف و ئیلتیزاماته‌كان له‌ 2004وه‌ تائێستا ده‌كرێت، به‌پێى ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بۆ2020 دیاریى ده‌كرێت.

دواڕۆژ: ئایا له‌ بودجه‌ى ساڵى داهاتوودا به‌شى كورد وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: ئه‌نجامى گفتوگۆكان ئه‌مه‌ دیاریى ده‌كات، به‌ڵام مه‌ترسى له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نییه‌، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا هه‌وڵێكى زۆر ده‌ده‌ین تا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم جێگیر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى دووباره‌ هه‌رێم نه‌كه‌وێته‌ ناو قه‌یرانێكى ترى دارایى، پێموایه‌ ئه‌نجامى گفتوگۆكان دڵخۆشكه‌ر ده‌بن بۆ هاووڵاتییانى هه‌رێم.

دواڕۆژ: وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌ رێككه‌وتنى كۆتایى نزیكبووینه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت هه‌رێم رازیى بووه‌ نه‌وته‌كه‌ى راده‌ستى به‌غدا بكات؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: بابه‌ته‌كه‌ ته‌نیا ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ نییه‌ كه‌ باس ده‌كرێت، ئێستا دانوستان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى هه‌ردوولا، به‌تایبه‌ت دۆسیه‌كانى دارایى و نه‌وت، به‌ یه‌كجارى چاره‌سه‌ربكرێن، هه‌ر ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، دۆسیه‌ى نه‌وت و غاز چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه‌ تا ساڵانه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و پرۆسه‌ى بڕینى بودجه‌ نه‌یه‌ته‌ئاراوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ حكومه‌تى عێراق به‌شدار بێت له‌ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان.

دواڕۆژ: ئایا رێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌نیا بۆ 2020ه‌ یان بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ چه‌ند ساڵێك بێت، به‌ڵام سه‌ره‌تا پێویسته‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى چه‌ند ساڵى رابوردوو چاره‌سه‌ر بكرێن، جگه‌له‌وه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ 5 ساڵ بێت نه‌ك هه‌موو ساڵێك كێشه‌ى بودجه‌ سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌.

دواڕۆژ: پێشتر باست له‌وه‌ كرد به‌غدا ده‌بێت قه‌رزه‌كانى هه‌رێم بداته‌وه‌ چۆن ده‌یداته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌ ناكه‌ین، ژماره‌ ئیستفزازى هه‌ردوو حكومه‌ت ده‌كات و ناگونجێت باسى بكه‌ین، چونكه‌ ئێستا هه‌ردوولا له‌ رێككه‌وتندان، به‌ڵام چه‌ندین قه‌رز و مسته‌حه‌قاتى هه‌رێم لاى به‌غدایه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ چه‌ند ساڵى رابوردووى قه‌یرانى دارایى هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌كى بۆ هه‌رێم نه‌ناردووه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ حساب بكرێت كه‌ چه‌ند پاره‌ نێدراوه‌ و چه‌ند نه‌نێردراوه‌، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌ك قه‌رز بدرێته‌وه‌ به‌ هه‌رێم. هه‌روه‌ها نه‌فه‌قاتى سیادى هه‌یه‌ كه‌ به‌غدا بڕێكى زۆرى له‌سه‌ر هه‌رێم حساب كردووه‌ له‌كاتێكدا په‌یوه‌ندیى پێوه‌ نییه‌، سه‌باره‌ت به‌ نه‌فه‌قاتى حاكیمه‌ ئه‌ویش به‌ته‌واوى نه‌نێردراوه‌، هاوكات ئه‌و قه‌رزانه‌ى عێراق وه‌ریگرتووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌شى هه‌رێمى نه‌داوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا مسته‌حه‌قاتى پێشمه‌رگه‌ و قه‌ره‌بووى ئه‌و ناوچانه‌ى زه‌ره‌رمه‌ند بوون ده‌بێت بدرێنه‌وه‌.

دواڕۆژ: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌م رێككه‌وتنه‌ قه‌رزه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بدرێنه‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: بێگومان ده‌یداته‌وه‌، هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌ عێراق، ئه‌مه‌یش پێویستى به‌ پڕۆسه‌یه‌كى حیسابى هه‌یه‌، به‌شێكى ئه‌و قه‌رزانه‌ هى كۆمپانیاكانى بوارى نه‌وته‌ كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان كاریان كردووه‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێت هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌.

دواڕۆژ: به‌غدا ئاماده‌كاریى بۆ بودجه‌ى2020 ده‌كات، ده‌وترێت حكومه‌تى هه‌رێم خه‌مسارده‌ له‌ رێككه‌وتن، هۆكاره‌كه‌ى چییه‌؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: حكومه‌تى هه‌رێم خه‌مسارد نییه‌، سه‌رۆكى هه‌رێم دواى چه‌ند رۆژێك له‌ ده‌ستبه‌كاربوونى چووه‌ به‌غدا، هه‌روه‌ها سه‌رۆكى حكومه‌ت سه‌ردانى به‌غداى كردووه‌، وه‌فدى هه‌رێمیش له‌گفتوگۆدان، ئاماده‌كاریى ته‌واو ده‌كرێت تا كێشه‌كان، كه‌ له‌ دواى 2003وه‌ دروست بوون، به‌ ته‌واوى چاره‌سه‌ر بكرێن. هاتنى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق بۆ هه‌رێم بۆ ئه‌م پرسه‌یه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانیش له‌دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات له‌گه‌ڵ وه‌فدى هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌.

دواڕۆژ: كه‌ى رێككه‌وتن ده‌كرێت و كۆتایى به‌ كێشه‌ دارایى و نه‌وتییه‌كانى نێوان هه‌ردولا ده‌هێنرێت؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: له‌سه‌ره‌تاى مانگى10ى داهاتوو هه‌ردوو حكومه‌ت ده‌گه‌ن به‌ رێككه‌وتن، له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجامه‌یش بودجه‌ى2020 ئاماده‌ده‌كرێت و به‌شى هه‌رێم دیاریى ده‌كرێت.

دواڕۆژ: به‌ڵام به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ به‌غدا دژى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ن، ئایا كاریگه‌ریى ده‌بێت؟
ئه‌حمه‌د سه‌فار
: لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانى به‌غدا نایانه‌وێت كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌ركه‌وتوو بێت و له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بكرێت، ته‌نانه‌ت جێگیریى هه‌بێت له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت، ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌واندا نییه‌، بۆیه‌ فشار له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێش مانگى10ى داهاتوو زۆرترین ده‌ستكه‌وت بۆخۆیان به‌ده‌ستبهێنن.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure