له‌باره‌ی پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران به‌ڵگه‌ی گرنگ به‌ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی دراوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 17/09/2019‌ :: 1119‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

پارێزه‌ری خۆبه‌خشی جووتیارانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: كێشه‌ی پێنه‌دانی پاره‌ی سێ ساڵی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێم له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ خراوه‌ته‌وه‌ به‌رنامه‌ی كاری سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

رێبین شه‌مامكی، پارێزه‌ری خۆبه‌خشی جوتیارانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی گرنگیان به‌ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی داوه‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت، به‌غدا به‌ نادادپه‌روه‌ری پاره‌ی سێ ساڵی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی نه‌داوه‌.

وتیشی: "لەپەیوەندیییه‌كیان لەگەڵ بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێیان راگەیاندراوه‌ كه‌ له‌مڕۆوه‌ کێشەی جووتیارانی کوردستان بە فەرمی خراوه‌ته‌ نێو بۆردی رێکخراوەکە بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر كێشه‌ و ناردنی پاره‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌".

سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە و عێراق و 188 وڵات ئه‌ندامی دیكه‌ ئەندامی رێكخراوه‌كه‌ن.

رێبین شه‌مامكی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: سندوقه‌كه‌ لە ساڵی ٢٠١٦ رەزامەندی داوە، بڕی ١٣ ملیار دۆلار لە ماوەی ١٠ ساڵدا بداتە عێراق بۆ بوژاندنەوەی ئابووری عێراق، بە کۆمەڵێك مەرج، کە یەکێك لە مەرجەکان دانەوەی قەرزی ناوخۆییە کە پارەی جووتیارانی هه‌رێمیش دەکەوێتە هەمان بەندی ئەو مەرجە، بۆیە لە ئێستادا دوای چەند قیستێك لەو قەرزە بۆ عیراق راگیراوه‌.

پارێزه‌ره‌كه‌ی جووتیاران راشیگه‌یاند: پێشبینی دەکەن لە ماوەیەکی کەمدا حکومەتی عێراق لەژێر فشاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پارەی جووتیارانی هه‌رێم خه‌رجبكات.

حكومه‌تی عێراق تائێستا 557 ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێم بۆ ساڵانی (2014_ 2015 و 2016) نه‌داوه‌ و بڕیاری راگرتنی پاره‌كه‌ له‌سه‌رده‌می حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ده‌رچووه‌.

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە