دەرچووانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی خۆپیشاندانێكیان رێكخست

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 206‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد


لەبەرامبەر دانەمەزراندنیان، دەرچووانی پزیشکی ددان و دەرمانسازان و پەرستاری سلێمانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان رێکخست و داوای دامەزراندن دەکەن.


دەشنێ نەریمان، دەرچووی بەشی پزیشکی ددان بە دواڕۆژی راگەیاند "ئێمه‌ وه‌ك ده‌رچووی دانه‌مه‌زراوی كۆلێژه‌كانی پزیشكیی ددان و ده‌رمانسازیی و په‌رستاری، كه‌ له‌ ئێستادا له‌ هه‌ریه‌ك له‌م به‌شانه‌ ده‌رچووانی چوار خول به‌ فه‌رامۆشكراوی ماوینه‌ته‌وه‌".

وتیشی: "تائێستا حكومه‌ت له‌ ئاست داوا‌كاریی و مافی سه‌ره‌تایی دامه‌زراندنمان بێ هه‌ڵوێست و بێباكه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندینجار به‌ جیا جیا و به‌یه‌كه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیمان ده‌ربڕیوه‌ و په‌نامان بۆ سه‌رجه‌م داموده‌زگا په‌یوه‌ندیدارەكان بردووه‌ و چه‌ندینجار به‌ڵێنمان پێدراوه،‌ به‌ڵام تا ئێستا هیچ كارێكی جدیی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌‌ نه‌كراوه‌ و تا دێت ژماره‌ی ده‌رچووانمان زیاتر و زیاتر ده‌بێت، ماوه‌ی چوار ساڵه‌ ته‌واوكاری سوڕی خوێندن (ئیقامه‌ و ته‌ده‌روج) په‌كخراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ ناڕه‌زاییه‌تیه‌كانمان به‌رده‌وامین".

راشیگەیاند "له‌ماوه‌ی پێشتردا له‌كاتی خستنه‌ڕووی داوه‌كارییه‌كانمان له‌ وه‌ڵامدا خراپی بارودۆخی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم و كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندیی و دۆخی جه‌نگ، له‌و به‌هانانه بوون كه‌ به‌ گوێماندا ده‌دران و وه‌ڵامی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانمانی پێ دەدرایەوە، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین به‌ زووترین كات هه‌ڵوێست و وه‌ڵامی جدیی له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌م داواكارییانه‌ ببینین".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure