ئاگر لە بەرزترین چیای سۆران كەوتۆتەوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 493‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی

لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەوە ئاگرێكی گەورە لە چیای زۆسكی قەزای سۆران كەوتۆتەوە و تا ئێستا 160دۆنم لە پووش و پاوان و ڕەز و باغی هاووڵاتیان سوتاوە، بەرپرسێكی بەرگری شارستانی سۆرانیش دەڵێت: "لەماوەی 48 كاتژمێردا سێیەمین جارە ئاگر لەو چیایە بكەوێتەوە". 

رائید كاروان میراودەلی بەرپرسی بەشی هونەری بەرگری شارستانی سۆران بەدواڕۆژی وت: "لە درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەوە ئاگرێكی گەورە لە چیای زۆسكی قەزای سۆران كەوتۆتەوە و تا ئێستا كۆنترۆڵ نەكراوە". 

ئاماژەی بەوەشدا: بەهۆی ئاگرەكەی ئەمشەوەوە تا ئێستا 160دۆنم لە پوش و پاوان، ڕەز و باغی هاووڵاتیان سوتاوە و زیانێكی زۆر بە ژینگە و سروشتی ناوچەكە كەوتووە و دەیان پەلەوەر و باڵندەش بەهۆی ئاگرەكەوە مرداربوونەتەوە و سوتاون. 

بەرپرسی بەشی هونەری بەرگری شارستانی سۆران روونیشیكردەوە: زیاتر لە چل كارمەندی بەرگری شارستانی و ژمارەیەك گوندنیشین سەرقاڵی كوژاندنەوەو كۆنترۆلكردنی ئاگرەكەیەن بەڵام بەهۆی گەورەی ئاگرەكەو هەڵكردنی با لەگەڵیداو سەختی شوێنەكە كۆنترۆڵكردن و كوژاندنەوەی ئاگرەكە زۆر سەخت و زەحمەتە. 

باسی لەوەشكرد: لەماوەی 48 كاتژمێردا ئەوە سێیەمین جارە ئاگر لەو چیایە دەكەوێتەوە، ئێمە گومانمان هەیە كە بەدەستی ئەنقەست ئاگر بەردەدرێتە ئەو چیایە، بۆیە پێویستە بكەرانی ئەو كارە بدۆزرێنەوە، چونكە بەهۆی ئەو ئاگرەوە زیانێكی زۆر گەورە بەسروشت و ڕەز و باغی هاووڵاتیان كەوتووە چونكە چەند گوندێك لە نزیكی ئەو چیایە هەن كە خاوەنی رەزوباخن. 

وتیشی: "لەماوەی 48 كاتژمێردا 300 دۆنم لە پوش و پاوان لە چیای زۆسك سوتاون". 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure