دابەشکردنی مووچە خاوتر دەبێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 16/09/2019‌ :: 35815‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

تادێت دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم خاوتر ده‌بێته‌وه‌، به‌مه‌ش رۆژی چوارشه‌ممه‌ 18ی ئەیلول ته‌نیا مووچه‌ی یه‌ك فه‌رمانگه‌ دابه‌شده‌كرێت.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی مانگانه‌ بڕی 453 ملیار دیناری حكومه‌تی عێراق له‌دوای ناوه‌ڕاست مانگ ده‌گاته‌ هه‌رێم، بۆیه‌ قۆناغی یه‌كه‌می دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان خاو به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 به‌پێی خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، كه‌ وێنه‌یه‌كی به‌ دواڕۆژ دراوه‌، رۆژی سێشه‌ممه‌ 17ی ئه‌یلول، مووچه‌ی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و خاوه‌ن پێداویسیتی تایبه‌ت دابه‌شده‌كرێت.

هه‌ر به‌پێی خشته‌كه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 18ی ئه‌یلول ته‌نیا مووچه‌ی مانگی حوزه‌یرانی 2019ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دابه‌شده‌كرێت.

له‌م هه‌فته‌یه‌ ته‌نیا مووچه‌ی سێ وه‌زاره‌ت و سێ توێژ دابه‌شكراوه‌ و هاوكات تائێستا نازاندرێت رۆژی پێنجشه‌ممه‌ چ وه‌زاره‌تێك مووچه‌ وه‌رده‌گرێت.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان به‌ سستی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ و ئه‌و پاره‌یه‌ی مانگانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقەوە دێت دواده‌كه‌وێت، بۆیه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ دواده‌كه‌وێت.

بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگێك حكومه‌تی هه‌رێم پێویستی به‌ 881 ملیار دینار هه‌یه‌، كه‌ 453 ملیار دیناری مانگانه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ پێده‌گات، هه‌روه‌ها 378 ملیار دیناری دیكه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌ دارایی ده‌درێت ئه‌و 50 ملیار دیناره‌شی كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌درێت.

پ: ر.ف

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure