هه‌رێم داوای 557 ملیار دینار له‌ به‌غدا ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 16/09/2019‌ :: 249‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانێكی بۆ به‌غدا هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و له‌جێگه‌ی لیژنه‌كه‌، شاندێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و داوای 557 ملیار دیناری جوتیاران ده‌كه‌ن.

بڕیارە بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك كێشه‌ی جوتیاران، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ شاندێكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌.

شوان زرار، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاری ئێمه‌ی چاودێرییه‌ و به‌پێی یاسا ناتوانین عادل عه‌بدلمهدی ببینین، بۆیه‌ لیژنه‌ی كشتوكاڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و داواش له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و بازرگانی هه‌رێم كراوه‌ سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم.

فەتحی محەممەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ‌و پیشەسازی هەرێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌زیری بازرگانی سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌یه‌كی باڵای وه‌زاره‌ت ده‌كات بۆ سه‌ردانیكردنی به‌غدا و گه‌ڕانه‌وه‌ی 557 ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران كه‌ له‌ له‌ ساڵانی (2014_2015 و 2016) به‌ جوتیاران نه‌دراوه‌.

وتیشی: "سه‌ردانه‌كه‌ به‌م نزیكانه‌ و دوای ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌بێت".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ سه‌ردانه‌كه‌ تاوتوێی رێگرییه‌كانی به‌رده‌م هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل له‌ هه‌رێم و به‌غدا، جێبه‌جێكردنی یاسا و رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ تاریفه‌ی گومرگی و هێما بازرگانییه‌كان ده‌بێت.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە