مه‌رزێكی نێوان هه‌رێم و ئێران داخرا

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 2850‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عه‌لی حه‌مه‌سه‌عید

له‌ سه‌ر داوای لایه‌نی ئێرانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16ى ئه‌یلولى 2019 مه‌رزی بازرگانی پشته‌ی سنوری ناحیه‌ی به‌مۆی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ داخرا‌ و به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌كه‌ش ده‌ڵێت: "داخستنه‌كه‌ ماوه‌ی 10 رۆژ دەبێت".

سمكۆ سالار، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی به‌مۆی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئێرانه‌وه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی كاركردن له‌ چاككردنی ڕێگای مه‌رزی پشته‌، ده‌بێت مه‌رزه‌كه‌ دابخرێت و جموجوڵی ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان تیایدا ڕابگیرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌ وته‌ی به‌رپرسانی لایه‌نی ئێرانی هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ی داخستنه‌كه‌ی دیار نییه‌، به‌ڵام پێده‌چێت تا نزیكه‌ی 10 ڕۆژ بخایه‌نێت و پاشان جارێكی دیكه‌ به‌ڕووی بازرگانان و ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كانی هه‌ردوولادا بكرێته‌وه‌.

مه‌رزی پشته‌ی سنوری ناحیه‌ی به‌مۆ، نزیكه‌ی 45 كیلۆمه‌تر له‌ قه‌زای ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ دووره‌، له‌ ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ش نزیكه‌ی 200 ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر به‌مه‌به‌ستى ئاڵوگۆڕی بازرگانی هاتووچۆى تێدا ده‌كه‌ن.
پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure