خواست له‌سه‌ر تابلۆى هه‌ندێك ژماره‌ى ئۆتۆمبێل زۆرده‌بێت

هەواڵ / ئابوری :: 16/09/2019‌ :: 284‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

لە پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل نرخی تابلۆى دوو ژمارەیی ئۆتۆمبێل دەگاتە 150 تا 200 هەزار دۆلار، بەڵام زۆرترین خواست لەسەر چوار ژمارەییە.


ئاوات محەمەد، لە یەكێك لە پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی، كە رۆژانە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكات، (ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلولی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: تابلۆى ژمارە تاك بەهیچ شێوەیەك دەستناكەوێت، بەڵام تابلۆى دوو ژمارەیی بۆ ئۆتۆمبێل نرخەكەی دەگاتە نزیكەی 150 تا 200 هەزار دۆلار، چونكە ژمارەی جوانن، بەڵام ئەوانیش زۆر كەم دەستدەكەون.

وتیشى: "زۆرترین خواست لەسەر چوار ژمارەییە و سەرووی هەزار دۆلار دەكات، بەڵام چوار ژمارەیی وەك (2222) نزیكەی دوو هەزار و 500 دۆلار دەكات، سێ ژمارەییش ئەگەر جوان بێت بۆ نموونە (444 یان 333) تا 10 هەزار دۆلار دەكات، ئەگەر جوانیش نەبێت تا هەزار و 500 دۆلار دەڕوات".

ئەو نرخانە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ زیادکردنى ئاشکرا بۆ فرۆشتنی تابلۆی پارێزگاى هەڵەبجە لە ژمارە 1 بۆ 9 ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی زۆری ئەو نرخانەی بۆی دانرابوون هیچ کامیان نەفرۆشران.

پێشتر عەمید حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانەی بەشداری زیادکردنەکەیان کردبوو، بارمتەی یاساییان پێنەبوو نەتوانرا هیچ ژمارەیەکیان بفرۆشرێت، بۆیە بڕیارماندا بۆ ماوەی 15 رۆژ پڕۆسەکە دوابخەین.

وتیشى: "لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، ژمارە یەک بڕی یەک ملیار دیناری لەسەر دانرابوو، ئەمڕۆش زیادکردنەکە لە 700 ملیۆن دینارەوە دەستیپێکرد، حەوت کەس بەشدارییان لە زیادکردنەکەدا کرد، بەڵام کەسیان ئەو بڕە پارەیەیان نەدا کە وەزارەتی ناوخۆ دیاریکردبوو".

پێداچوونەوە: شیروان شەریف

 بڵاوكردنه‌وه‌:ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە