دادگای کەرکوک بڕیارێکی دژی گوندێکی کوردی دەرکرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 274‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

دادگای کەرکوک بڕیارێکی لەبەرژەوەندی عەرەبە هاوردەکانی سەردەمی سەدام حسێن دەرکرد، بەشێوەیەک پانتاییەکی زۆری زەوی لەکوردی دانیشتووی پەڵکانە وەردەگیرێتەوە.

عەلی محەمەد موختاری گوندی پەڵکانە ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی ئەیلول بەدواڕۆژی راگەیاند "دادگای کەرکوک بڕیارێکی دەرکردووە بە دابڕینی ١٥٠ دۆنم زەوی كشتوکاڵی لەگوندی پەڵکانە و بەخشیوێتی بە عەرەبە هاوردەکان کە گەڕاونەتەوە سەر گوندەکە".

وتیشی: "بڕیارەکە گەیشتووەتە پۆلیسی دوبز و هێزە سەربازییەکانیش پاڵپشتی دەکەن، بۆ ئەوەی دایببڕن و بیدەنە عەرەبەکان کە لەبنەڕەتدا زەوی کوردی رەسەنی گوندەکەیە".

ئەوەشی خستەڕوو: عەرەبەکان هیچ بەڵگەیەکیان نییە بیسەلمێنێت ئەو زەوییانە ئەوان خاوەندارێتی دەکەن، بەڵام دادگا لایەنگری ئەوانی کردووە تاکو زەوییەکان لەکورد وەربگیرێتەوە.

موختاری گوندی پەڵکانە لەڕێگەی دواڕۆژەوە داوا دەکات سەرکردایەتی کورد بێنە سەر هێڵ تاکو رێگریی لەپرۆسەی تەعریبکردنەوەی گوندەکە بکەن.

گوندی پەڵکانە سەر بەناحیەی سەرگەڕانە لەسنووری قەزای دوبز، زیاتر لەساڵێکە عەرەبی هاوردە گەڕاونەتەوەو هەوڵی داگیرکردنی گوندەکە دەدەن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure