پۆلیسی سلێمانی ژمارەیەك تۆمەتباری دەستگیركرد

هەواڵ / کوردستان :: 16/09/2019‌ :: 192‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی ژمارەیەك تۆمەتباری راگەیاند كە سێ كەسیان  تۆمەتبارن بەهەوڵی دزینی شوێنەوار، ئەوانی دیكەش بەشێكیان تۆمەتبارن بەدزی و كوشتن.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 16ی ئەیلولی 2019 نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رۆژی 9ی ئەیلول زانیارییان پێگەیشتووە كوردێكی شاری سلێمانی چەند گرتە ڤیدیۆیەكی بۆ كەسێكی ئێرانی ناردووە كە شوێنەوارێك هەیە تا بێت سەیری بكات و بیبەن بۆ وڵاتێكی دیكە.

ناوبراو روونیكردەوە: ئێرانییەكە سێ تۆمەتباری بەكرێ گرتووە، بۆ ئەو ماوەیەش هەریەكە و 5 هەزار دۆلاری پێداون تا هاوكاری بن بۆ دەرهێنانی شوێنەوارەکە، لەشوێنی رووداوەكە تۆمەتبارەكان دەستگیركراون و دەستبەسەر ئامێر و نەخشەكاندا گیراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: دوای چاودێریكردنی پێنج عەرەب كە ویستویانە جەستەیان بفرۆشن، هەر پێنجیان دەستگیركراون بەتۆمەتی فرۆشتن و بازرگانیكردن بەجەستەوە، تۆمەتبارێكیش ساڵێك لەمەوبەر لەسەر رێگەی سلێمانی - كەركوك رێپێدراوێكی پۆلیسی كوشت، دەستگیركراوە.

بەرپرسەكەی پۆلیس ئاشكرای كرد: سێ ئافرەت هەستاون بەدزینی 4 هەزار و 500 دۆلار، تۆمەتبارێكیان جانتای ئافرەتانی دزیوە و هەرسێكیان دەستگیركراون، پێنج تۆمەتباری دیكەش هەستاون بەدزی لەكۆمپانیای بیناسازی و ساختەكردنی گرێبەست، دوو تۆمەتباری دیكەش هەستاون بەهاككردنی هاووڵاتیان و بەوتەی یەكێكیان 50 كەسیان هاك كردووە.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure