شاندى هه‌رێم به‌ شه‌ش مه‌رج لەگەڵ به‌غدا رێکدەکەوێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/09/2019‌ :: 4765‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ شاندێكى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر پرسى بودجه‌ و نه‌وت  سبه‌ى سێشەممه‌ سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن، شانده‌كه‌ش شه‌ش مه‌رجیان بۆ رێككه‌وتن هه‌یه‌.

وابڕیاره‌ سبه‌ى سێشه‌ممه‌ 17ى ئه‌یلول شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیرى داد سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن، به‌پێى زانیارییه‌كانی دواڕۆژیش  شانده‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان شه‌ش مه‌رجیان له‌باره‌ى نه‌وت و بودجه‌ بۆ به‌غدا هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ له‌به‌ر هه‌ستیارى بابه‌ته‌كان ئاماده‌ نه‌بوو ناوه‌ڕۆكى مه‌رجه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرابكات و ته‌نیا باسی له‌وه‌كرد: ئه‌و شه‌ش مه‌رجه‌ى حكومه‌ت دایناوه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ده‌سته‌به‌رى ته‌واوى شایسته‌ داراییه‌كان ده‌كات و ئه‌و مه‌رجانه‌ ده‌بێته‌ هۆكارى رێكخستنى چۆنیه‌تى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌رێمى كوردستان ده‌زانێت به‌شێك له‌ داواكارییه‌كان قبوڵكردنى له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ قورسه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌و داواكارییانه‌ پێشتر به‌غدا ڕه‌تیكردووەته‌وه‌.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: نیه‌تى جددى بۆ رێككه‌وتن هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوولا، به‌ڵام شاندى هه‌ردوولا له‌وباره‌یه‌وه‌ لێك نزیك نین و پێده‌چێت ساڵى داهاتووش وه‌كو ئه‌مساڵ چاره‌سه‌رێكى مامناوه‌ند بدۆزرێته‌وه‌، چونكه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نه‌وت و خاڵه‌ گومرگییه‌كان ناتوانرێت له‌ماوه‌ى دوو مانگدا چاره‌سه‌ر بكرێت، هه‌ندێ له‌ كێشه‌كان مێژوویه‌كى دوور و درێژیان هه‌یه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تى ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن ئه‌مریكا پێشنیازى نوێ ده‌خاته‌ به‌رده‌میان به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى 2020.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure