كاردانەوەی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە رووە و هەڵكشانە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/09/2019‌ :: 171‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


كاردانەوەی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبن و وڵاتانی زلهێز چاودێریی دۆخەكە دەكەن، عێراق رەتیدەكاتەوە: لەو كێشەیەوە گلابێت، زۆرێك لەوڵاتانی هەرێمیی داوای وەڵامی توندی ریاز دەكەن لەسەر ئەو پرسە.

رۆژنامەی نیزافیسیمایا گازێتا-ی روسی بڵاویكردووەتەوە: لەمێژە ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی روسیا لەبەغدا رایگەیاندبوو كە پیلانێك هەیە تا بەهاری رەش لەعێراق دروستببێت.

وتوشیەتی: "بەهۆی ئەوەی ئامێری ئاشكراكردنی ئاسمانیی لەعێراق نییە، رەنگە فڕۆكەی ئیسرائیلی لەعێراقەوە چووبێتە ناو كایەی ئاسمانیی سعودیەوە و بۆردومانی پێگە نەوتییەكانی ئەو وڵاتەی كردبێت".

سایتی دیبكای ئیسرائیلیش رۆژی شەممە رایگەیاند: "لەناو خاكی عێراقەوە هێرشەكانی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە ئەنجامدراوە".

لای خۆیەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد: کە واشنتۆن ئاگادارە لەوەی کێ لەدوای ئەو هێرشانەوە بووە کە کراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و دوا بڕیاری سعودیە دەکات، پێش ئەوەی واشنتۆن بڕیاری ئەوە بدات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات.

ترامپ لە تویتێکدا نووسیویەتی: "هۆکارێک هەیە کە وامان لێدەکات بزانین کێ ئەو هێرشەی ئەنجامداوە، بۆیە وەڵامدانەوەکەمان (ئامادەیە و لەسەر پێیە) تەنیا چاوەڕوانی سعودیە دەکەین بڕیاری خۆی بدات".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: ئەو هێرشە رەنگە ببێتە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بۆیە ئەمریکا نەوتە یەدەگەکەی بەکارهێناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەگەرە.

هەر لەسەر لێكەوتەكانی ئەو بابەتە، لێپرسراوێکی ئیماراتی داوا لە سعودیە دەکات هێرش بکاتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق فەرماندەی پێشووی پۆلیسی دوبەی داوای لە سعودیە كردووە، هێرش بکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشەی حوسییەکان کردبوویانە سەر کۆمپانیای ئارامکۆی نەوتی لە سعودیە.

لەو بارەیەوە زاحی خەلفان، فەرماندەی پێشووی پۆلیسی دوبەی، دوێنێ یەکشەممە 15ی ئەیلولی 2019 لە تویتێکدا نووسیویەتی: "سعودیە دەتوانێت لەڕێگەی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە و بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناو خاکی عێراق بکاتە ئامانج  ئیتر چاوەڕوانی چی دەکات؟"

لای خۆشییەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو هەواڵانەی رەتدکردەوە کە لە دەزگا راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بەو هێرشە و لەوبارەیەوە ئاشکرای کرد: ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و عێراق پابەندە بە دەستور و کەس بۆی نییە خاکەکەی بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و لەوبارەیەوە لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە راستییەکان.

دوای هێرشەكەی سەر كۆمپانیای ئارامكۆ لە سعودیە هەناردەی نەوت لەو وڵاتە وەستێنراوە و بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت چەند هەفتەیەكی پێویستە.
 
هێرشەكەی سەر  بەقیق و خریس بەرهەمهێنانی نزیكەی 5.7 ملیۆن بەرمیل نەوتیان وەستاندووە.
 
بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەتا ئێستا وادەیەكیان دیاری نەكردووە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

رۆژی شەممە وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعودیه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد كه‌ له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر دوو دامەزراوەی نەوتیی سه‌ر به‌ كۆمپانیای ئارامكۆ له‌شاری به‌قیق و هیجره‌.

وە: ئاکۆ زەنگەنە
داڕشتنەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure