بۆچى خوێندن له‌ مانگى ئه‌یلول-دا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1511‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ساڵى نوێى خوێندن، به‌نزیكه‌یى له‌ هه‌موو وڵاتانى جیهاندا له‌ مانگى ئه‌یلول-دایه‌، به‌ڵام بۆچى ئه‌م مانگه‌ دیاریكراوه‌ بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌؟

له‌ساڵى 1880وه‌ خوێندى قۆناغى سه‌ره‌تایى له‌ شانشینى یه‌كگرتوو بووه‌ به‌زۆر (ئیلزامى). ئه‌و سه‌رده‌مه‌ منداڵ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان له‌ باخ و كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا كارى كردووه‌. ئه‌مه‌یش واى پێویستكردووه‌ كه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ساڵێكى نوێى خوێندن بخرێته‌ كاتێكه‌وه‌ كه‌ منداڵان ده‌ستیان به‌تاڵ ده‌بێت و كه‌سوكاریان رێگرن نه‌بن له‌وه‌ى بچنه‌ قوتابخانه‌ یان بچنه‌وه‌ قوتابخانه‌. 

پاوڵا كینگ كه‌ پسپۆرێكى ئه‌و بواره‌یه‌ ده‌ڵێت: "دیاریكردنى كاتى ساڵى خوێندن به‌جۆرێك دانراوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌رزى كشتوكاڵ و پیشه‌سازییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ كشتوكاڵه‌وه‌ بگونجێت، چونكه‌ منداڵان به‌شداریى كاروبارى زه‌وى و كشتوكاڵیان كردووه‌. كارى كشتوكاڵى له‌ مانگه‌كانى زستاندا كه‌مده‌بێته‌وه‌ و ئه‌مه‌یش واده‌كات پێویست نه‌كات منداڵان بچنه‌ كێڵگه‌كان، واتا رۆژانێكى زۆر بێكار ده‌مانه‌وه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنى مانگى ئایاردا ئیتر ده‌بوو منداڵان بچن بۆ لێكردنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى میوه‌ و به‌روبوومه‌ كشتوكاڵییه‌كان و دروێنه‌ و شوانى و گاوانى. ئه‌مه‌یش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ساڵى خوێندن به‌ره‌و كۆتایى ده‌ڕوات".

كه‌واته‌ ماوه‌ى نێوان سه‌ره‌تاى پاییز هه‌تا كۆتایى به‌هار باشترین كاتى رۆیشتنى منداڵه‌ بۆ قوتابخانه‌.

ساره‌ ته‌رمان، توێژه‌ر له‌ سیاسه‌ته‌كانى خوێندن، ده‌ڵێت:"كۆمه‌ڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هه‌وڵیانداوه‌ منداڵه‌كانیان له‌ كێڵگه‌كاندا كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداریى چالاكییه‌ ئابورییه‌كانى خێزانه‌كانیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها خوێندن له‌ وه‌رزى هاویندا چه‌ند پێویستییه‌ك له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى خوێندن زیاد ده‌كات، له‌ نموونه‌ى سادى و ساردكه‌ره‌وه‌ و.. هتد".

ئه‌و كچه‌ توێژه‌ره‌ پێیوایه‌ كه‌ چالاكییه‌ كشتوكاڵییه‌كان، كاریگه‌رى و ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر واده‌ى ده‌ستپێكردنى رۆژه‌كانى خوێندنیش، چونكه‌: "دیاریكردنى كاتژمێر 7ى به‌یانى بۆ رۆژانى خوێندن په‌یوه‌ندیى هه‌بووه‌ به‌ هه‌مان واده‌ى به‌یانیانى رۆژى كاركردن له‌ كێڵگه‌ و زه‌ویوزاره‌ كشتوكاڵییه‌كاندا. ئه‌مه‌یش به‌رده‌وام بووه‌ هه‌تا له‌م دواییانه‌دا و له‌گه‌ڵ واده‌ى ده‌ستپێكى كارى به‌یانیانى كشتوكاڵدا، ئه‌ویش گۆڕاوه‌".

هۆكارێكى ترى دواخستنى ده‌ستپێكى رۆژانه‌ى خوێندنى قوتابخانه‌كان له‌ كاتژمێر 7ى به‌یانییه‌وه‌ بۆ 8ى به‌یانى، په‌یوه‌ندیى به‌ پشوو و حه‌وانه‌وه‌ و خه‌وتنى زیاترى هه‌رزه‌كارانه‌وه‌ هه‌یه‌.  

ساره‌ ته‌رمان پێیوایه‌: "خوێندن و قوتابخانه‌یش به‌شێكه‌ له‌ كۆى كۆمه‌ڵگه‌، خێزان چالاكى و بۆنه‌ى خۆیى هه‌یه‌ و ده‌بێت قوتابییش وه‌ك ئه‌ندامێكى خێزانه‌كه‌ تێیدا به‌شداربێت نه‌ك لێى دابڕێت، هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ وایكردووه‌ كه‌ كاته‌كانى خوێندن و چوونه‌ قوتابخانه‌ دیاریكراوبن".

ئه‌گه‌رچى ده‌نگى ناڕه‌زایى هه‌یه‌ بۆ كارپێكردنى منداڵ، به‌تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا، به‌ڵام هێشتا كۆمه‌ڵگه‌ى وا ماوه‌ كه‌ پێویستى به‌ده‌ستى كارى منداڵ-یش هه‌یه‌. 

له‌مباره‌یه‌وه‌ كچه‌ توێژه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت: "ناكرێت به‌ره‌نگاریى پێویستییه‌ ئابورییه‌كان ببینه‌وه‌ و له‌دژیان راوه‌ستین، راسته‌ هه‌ڵوێستێكى ئه‌خلاقیمان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر كارپێكردنى منداڵ به‌ڵام واقیعى هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه‌ خۆى ده‌سه‌پێنێت و ناچاریان ده‌كات. ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كات و واده‌یه‌ك بۆ ده‌ستپێكردن و ماوه‌ى خوێندن دابنرێت كه‌ هانده‌ربێت بۆ ئه‌وه‌ى منداڵان بچنه‌ قوتابخانه‌ و درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن".

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure