لە دهۆك ژماره‌ی كچان له‌ پیشه‌ی رۆژنامه‌وانیدا به‌ره‌و كه‌مییه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/09/2019‌ :: 144‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

ژماره‌ی رۆژنامه‌نووسی كچ به‌راورد به‌ رۆژنامه‌نووسانی پیاو له‌ دهۆك، زۆر كه‌مه‌ و رۆژ له‌ دوای رۆژ كاری رۆژنامه‌وانی  بۆ كچانی ئه‌م شاره‌ زیاتر نامۆ ده‌بێت.

به‌پێی ئاماره‌كانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان-لقی دهۆك: "ئێستا 162 كچی دهۆك ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامەنووسانن".

چیمەن كانیكی، دوای نزیكه‌ی 15 ساڵ‌ كاری رۆژنامه‌نووسی له‌ چه‌ندین ده‌زگای راگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان، وازی له‌ كاری رۆژنامه‌وانی هێناوه‌، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت:"مامه‌ڵه‌ی ناته‌ندروستی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسانی مێینه،‌ هۆكاری سه‌ره‌كییە‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسانی كچ له‌ دهۆك ناتوانن له‌م پیشه‌یه‌دا به‌رده‌وامبن".

كانیكی بە دواڕۆژی وت: "نه‌بوونی رۆڵی به‌هێزی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بۆ به‌رگریكردن و پشتگیریكردن له‌ رۆژنامه‌نووسانی كچ، نه‌بوونی بناغه‌یه‌كی باش بۆ كاری رۆژنامه‌وانی له‌ دهۆك، لاوازیی به‌شه‌كانی راگه‌یاندن له زانكۆ‌كان بۆ‌ پێگه‌یاندنی رۆژنامه‌نووسی كچ، سێ هۆكاری دیكه‌ن كه‌ كچان ناتوانن به‌ شێوه‌یكی باش بچنه‌ ناو بواری رۆژنامه‌وانییەوە".

میدیا دوسكی، میدیاكار، له‌م باره‌یه‌وه‌ دەڵێت: "نزیكبوونه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسی كوڕ و به‌رپرسانی ده‌زگا‌كانی راگه‌یاندن زۆر جار بۆ حه‌زی نابه‌جێ بووه‌ و به‌چاوی رۆبۆتی سێكسی ته‌ماشای ئێمه‌ی كچ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ كچان ناچارن له‌م پیشه‌یه‌ رابكه‌ن و بۆ ئه‌وان بمنێت".

هەر له‌م باره‌یه‌وه‌، ره‌وان سوبحی، بڕیارده‌ری به‌شی راگه‌یاندن له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك، بۆ دواڕۆژ وتی: "هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌رنه‌كه‌وتنی كچی رۆژنامه‌نووس له‌ دهۆك، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی، زۆربه‌ی كچه‌كان دوای پێكهێنانی خێزان ده‌ست له‌ كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كێشنەوە".

زۆرێك له‌ ده‌زگاكانی رۆژمه‌وانی، به‌تایبه‌تی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییەكان له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ ده‌ستكه‌وتنی رۆژنامه‌نووسی كچ، سوود له‌ توانای كچه‌كانی رۆژئاوا و باكوری كوردستان ده‌بینن.

ڤیان عه‌باس به‌رپرسی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان-دهۆك، بۆ دواڕۆژ وتی: "ئێستا ئه‌ندامه‌كانی سه‌ندیكای ئێمە زۆربه‌یان پیاون كه‌ زیاتر له‌ 500 رۆژنامه‌نووس پیاون و ته‌نیا 162 ئه‌ندام كچن".

وتیشی: "سەندیكا به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی خۆی كردووه‌ و جیاوازیی نه‌كردووه‌ لە نێوان رۆژنامه‌نووسی كچ و كۆڕ".

ئێستا زۆربه‌ی ده‌زگا‌كانی راگه‌یاند له‌ دهۆك، پێوستییەكی زۆریان به‌ رۆژنامه‌نووسی كچ هه‌یه‌، به‌ڵام رۆژنامه‌نووسی كچیان ده‌ستیان ناكه‌وێت.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure