10 هه‌زار كوردى خورماتوو دواى ئاواره‌بوونیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنی خۆیان

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 139‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

له‌ دواى كشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ته‌واوى كوردانى خورماتوو ئاواره‌بوون و هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆیان، به‌ڵام له‌ گه‌رمیان تاوه‌كو ئێستا 10 هه‌زار كه‌س ماونه‌ته‌وه‌ و به‌ وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌شێكى زۆرى ئه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ حیزبییه‌كان بوون یان پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ن.

بێستوون ژاڵه‌یی، به‌ڕێوه‌به‌رى كاروباره‌ مرۆییه‌كانى ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تاوه‌كو ئێستا له‌ سنوورى گه‌رمیان نزیكه‌ى دوو هه‌زار خێزانى كوردى ئاواره‌ى خورماتوو كه‌ ژماره‌یان ده‌كاته‌ 10 هه‌زار كه‌س ماونه‌ته‌وه‌ و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدى خۆیان و له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ى 60 خێزانیان له‌ كه‌مپه‌كانن.

وتیشى: "ئه‌وانه‌ى ماونه‌ته‌وه‌ زۆربه‌یان له‌و خێزانانه‌ن كه‌ كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایشن یان له‌گه‌ڵ حیزبه‌ كوردستانییه‌كان بوون و دواى ئاسایى بوونه‌وه‌ى بارودۆخى خورماتوو هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌".

باسى له‌وه‌شكرد: وه‌كو رێكخراوه‌كان و هه‌روه‌ها كه‌مپه‌كان له‌ ماوه‌ى رابوردوودا به‌ پێى توانا و ئه‌وه‌ى له‌به‌رده‌ستدا بووه‌ هاوكارى ئاواره‌كانى خورماتوو له‌ گه‌رمیان كراوه‌ و ئه‌وانه‌شى كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ له‌ داهاتوودا هه‌ر رێكخراو و لایه‌نێكى حكومى هاوكاریان بكات ئاسانكارییان بۆ ده‌كه‌ن.

له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 ته‌واى كوردانى خورماتوو ئاواره‌ى ناوچه‌كانى كوردستان به‌ تایبه‌تى گه‌رمیان بوون و له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ به‌ ده‌یان خانوو و موڵك و دوكان و كارگه‌ى كورد سوتێندران و ته‌قێندرانه‌وه‌ و تاڵان كران، تاوه‌كو ئێستا ئه‌وانه‌ قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure