ئه‌و بۆمبانه‌ى پوتینیان گه‌یانده‌ ده‌سه‌ڵات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/09/2019‌ :: 222‌ جار بینراوە
ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى روسیا

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

20 ساڵ به‌سه‌ر گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكى رووسیادا تێپه‌ڕده‌بێت و تاكو ئێستاش له‌ پۆسته‌كه‌ى به‌رده‌وامه‌ و نازانرێت تا كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌وكاته‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى گرتووه‌ته‌ ده‌ست ئابورى وڵات گه‌شه‌ى سه‌ندووه‌، به‌ڵام ئازادى رۆژنامه‌وانى و كارى سیاسى به‌رته‌سكبووه‌ته‌وه‌ و تاكپه‌رستى زیادیكردووه‌.


تیۆرییه‌كى پیلانگێڕى له‌پشتى گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ڤلادیمێر پوتینه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ خراپترین تراژیدیاى مرۆڤایه‌تى له‌ مێژووى نوێدا داده‌نرێت، تیۆرییه‌كه‌ به‌ناوى "ئه‌و بۆمبانه‌ى پوتینیان گه‌یانده‌ ده‌سه‌ڵات"وەیە.

به‌پێى تیۆرییه‌كه‌، ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكى رووسیا پێش ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست سیاسییه‌كى نه‌ناسراو بوو، له‌ ته‌نیشت بۆریس یەڵتسن سه‌رۆكى ئه‌وكاته‌ى رووسیا و سه‌رۆكى حیزبى كۆمۆنیستى یه‌كێتى سۆڤیه‌ته‌وه‌ داده‌نیشت و جه‌ماوه‌رێكى زۆر كه‌مى هه‌بوو.

ساڵى 1999 كاتێك یەڵتسن له‌ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى رووسیا دوورخرایه‌وه‌، ڤلادیمێر پوتین به‌ سه‌رۆكى وڵات هه‌ڵبژێردرا، پێش ئه‌وه‌ى پوتین به‌ سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرێت، له‌ رووسیا ژماره‌یه‌ك بۆمب به‌ كۆمه‌ڵێك شوقه‌دا له‌ شاره‌ گه‌وره‌كان ته‌قینه‌وه‌ كه‌ به‌ "بۆمبى شوقه‌كانى رووسیا" ناسراوه‌، ته‌قاندنه‌وه‌ى بۆمبه‌كان به‌جۆرێك پیلانیان بۆ داڕێژرابوو كه‌ له‌شه‌ودا ته‌قینه‌وه‌كان رووبده‌ن و زۆرترین هاووڵاتى بكوژن و زۆرترین برینداریشى لێبكه‌وێته‌وه‌، به‌جۆرێك بۆمبه‌كان چێنرابوون كه‌ به‌ لاوازترین خاڵى شوقه‌كانه‌وه‌ لكێنرابوون بۆ ئه‌وه‌ى به‌یه‌كجارى خاپوور ببن.

له‌ ئه‌نجامى ته‌قاندنه‌وه‌ى شوقه‌كان له‌ شاره‌كانى مۆسكۆى پایته‌خت و باینه‌سك و ڤۆڵگۆدۆنسك زیاتر له‌ 300 هاووڵاتى كوژران و زیاتر له‌ 1000 هاووڵاتیش برینداربوون، دواتر "تیرۆریسته‌كانى چیچان" به‌ ئه‌نجامده‌رى ته‌قینه‌وه‌كان تۆمه‌تباركران و ترس له‌ وڵاتدا بڵاوبووه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌لى خۆشكرد بۆ ئه‌وه‌ى پشتیوانى سوپا ده‌ستپێبكات و خه‌ڵك بچنه‌ ریزه‌كانى سوپاى رووسیاوه‌ بۆ داگیركردنى چیچان و جه‌نگه‌كه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تى پوتین ئه‌نجام بدرێت.

پوتین له‌وكاته‌دا وه‌كو پیاوێكى به‌هێز ده‌ركه‌وت و له‌ 24ى ئه‌یلولى 1999دا لێدوانێكى توندیدا و رایگه‌یاند: "سزاى هه‌موو تیرۆریستان ده‌ده‌ین له‌هه‌ر جێیه‌كى جیهان بن، ئه‌گه‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ بن یان بمبورن ئه‌گه‌ر له‌ ته‌والێت بیانگرین هه‌ڵیانده‌واسین به‌ ده‌رگاى ته‌والێته‌كه‌دا.. كه‌س بۆى نییه‌ بپرسێت بۆچى و ئه‌مه‌ كۆتاییه‌".

هه‌رچه‌نده‌ پوتین چیچانى تۆمه‌تباركرد به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى بۆمبه‌كان، له‌وكاته‌دا چیچان نكۆڵى لێكرد و تاكو ئێستاش هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ چیچان ئه‌نجامده‌رى بووبێت و ناوى هیچ چیچانییه‌ك نه‌هێنراوه‌ و هیچ چیچانییه‌كیشى له‌سه‌ر له‌سێداره‌نه‌دراوه‌.

له‌ مانگى دیسه‌مبه‌رى 1999دا له‌ په‌رله‌مان پوتین به‌ سه‌رۆكى رووسیا هه‌ڵبژێردرا و له‌ كۆشكى كرێملن مه‌راسیمێكى گه‌وره‌ى بۆ ئه‌نجامدرا، به‌پێى تیۆرییه‌ پیلانگێڕییه‌كه‌، پوتین به‌ ئه‌نجامده‌رى ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ داده‌نرێت و كوشتنى هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى وڵاته‌كه‌ى گه‌یاندوویه‌تییه‌ ده‌سه‌ڵات، له‌دواى بوونى به‌ سه‌رۆكى رووسیاش چه‌ندین كه‌س كه‌ په‌رله‌مانتار و رۆژنامه‌نووسیان تێدایه‌ و به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ كردووه‌، كوژران و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش به‌جێنه‌هێڵراوه‌ و له‌سه‌ر كوشتنیشیان كه‌س ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.

له‌وكاته‌وه‌ى پوتین ده‌سه‌ڵاتى گرتووه‌ته‌ده‌ست رۆژ به‌رۆژ خۆى به‌هێزتر كردووه‌ و له‌ سێ هه‌ڵبژاردنى تردا به‌ سه‌رۆك هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌ و نازانرێت تا كه‌ى فه‌رمانڕه‌واییكردنى به‌رده‌وام ده‌بێت؟!

وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال 
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure