پەرلەمانتارێکى کورد: حکومەتی هەرێم نەوت ناداتە بەغدا

هەواڵ / کوردستان :: 15/09/2019‌ :: 985‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

پەرلەمانتارێکى کورد رایدەگەیەنێت: بڕیارى سەرەتای حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە نەوت نادات بە بەغدا و دەشڵێت: بۆیە زەحمەت دەبێت ساڵى داهاتوو بەغدا بڕێک مووچە بنێرێت بەبێ ئەوەی هیچ نەوتێک لە هەرێمەوە بدرێ.


رێبوار کەریم، ئەندامى پەرلەمانى عێراق (ئەمڕۆ یەکشەممە 15ى ئەیلولى 2019) رایگەیاند: لە بەغدا وردە وردە گفتوگۆی بودجەی ساڵی 2020 نزیکدەبێتەوە. بۆ ئێمەی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق سەرەکیترین خەم بریتیە لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی گەرەنتیکردنی موچەی فەرمانبەران.

ئەو پەرلەمانتارە لە پەڕەى خۆى لە فەیسبوک نووسیویشیەتى: "لەگفتوگۆکانی ئێستادا قسەی سەرەتای حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە نەوت نادات بە بەغدا، بیانووشی بۆ ئەم بابەتە بریتیە لەوەی دەڵێ نەوت گرنگ نیە، بەڵام بەغدا دەیەوێ ئیرادەمان بشکێنێت و هیچ دەسەڵاتێکمان نەبێت".

ئەوەش دەڵێت: مەسەلەی تەسلیم بون و شکاندنی ئیرادە، زیاتر لەبابەتێکی مەعنەوی پەردەپۆشکەر دەچێت. ئەگینا لەراستیدا هەرێم بابەتگەلیتری زۆر تەسلیمکردوە و بە شکاندنی ئیرادەش ئەژماری نەکردوە.

روونیشیدەکاتەوە: کارێکی زەحمەت دەبێت ئەمساڵیش بەغدا بڕێک مووچە بنێرێت بەبێ ئەوەی هیچ نەوتێک لە هەرێمەوە بدرێ بە بەغدا. ئەگەر حکومەتی عێراقیش رازی بێت ئەوا ئەو دۆخە خراپەی کە (عادل عبدالمهدی) سەرۆک وەزیرانی تێدایە، خراپتر دەبێ و دەنگی ناڕازی بەرامبەری زیاتر دەبێت. هەروەها تێپەڕاندنی پڕۆژەیەکی لەوشێوەیە لەنێو ئەو دەنگە ناڕازییە زۆرانەی نێو پەرلەمانەوە دیسان کارێکی ئاسان نیە.

رێبوار کەریم دەشڵێت: هەروەها هەوڵێکی چڕ لە پەرلەمانی عیراق هەیە سەبارەت بە تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز. بەدڵنیاییەوە ئەگەر کورد لەسەر بڕگەی نەوتی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵێک نەتوانێت رێکبکەوێت، ئەوا ئەرکی رێکەوتن بۆ یاسایەکی گرنگی درێژخایەنی وەها تەواو قورس دەبێت. ئەگەر هەرێمی کوردستانیش چاوی لەوەیە وەک جاران هەوڵی دواخستنی دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز بدات، ئەوا رەنگە ئەمجارە ئەو هەوڵانە ئاسان نابێت، چونکە جگەلە هەوڵە ناوخۆییە چڕوپڕەکان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش زۆر بەوردی چاودێری دەرچوونی ئەو یاسایە دەکات.

پێشتر دواڕۆژ بڵاویکردەوە کە به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ نوێنه‌رانى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق و كوردستانیان راگه‌یاندووه‌: هه‌رێمى كوردستان نایه‌وێت به‌ ته‌واوى نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكات.

به‌پێى وته‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كه‌ هه‌فته‌ى رابوردوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌، به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ روونى باسیان له‌وه‌كردووه‌ كه‌ ئاماده‌نین ته‌واوى نه‌وتى هه‌رێم راده‌ست بكه‌ن، به‌وپێیه‌ى هه‌رێمى كوردستان قه‌رزێكى زۆرى له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌بووه‌.

به‌پێى وته‌ى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مان، هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێت ریككه‌وتنێكى سێ ساڵى له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجامبدات، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجانه‌ى هه‌رێم دایناون له‌وانه‌ راده‌ستنه‌كردنى ته‌واوى نه‌وت و له‌به‌رامبه‌ردا پێدانى ته‌واوى شایسته‌ داراییه‌كان به‌ رێژه‌ى 17% بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ و پێدانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان به‌ هه‌رێم مه‌رجى قورسن و پێناچێت به‌غدا قبوڵى بكات.

داڕشتنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure