عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ خاكه‌كه‌ی بۆ لێدانی وڵاتانی درواسێ به‌كاربهێنرێت

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 98‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، (رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 15ی ئه‌یلولی 2019) رایگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه‌ ره‌تدەكه‌ینه‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ خاكی عێراقه‌وه‌ هێرشكرابێته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی سعودییه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ڵێت: "عێراق هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ میدیا و سۆشیال میدیادا بڵاوكراوەته‌وه‌ كه‌ خاكی عێراق بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی سعودییه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان به‌كارهێنرابێت".

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌: عێراق پابه‌نده‌ به‌ ده‌ستوره‌وه‌ كه‌ رێگه‌نادات به‌ به‌كارهێنانی خاكه‌كه‌ی بۆ هێرشكردن و كاری دوژمنكارانه‌ بۆ سه‌ر دراوسێ و برا و هاوڕێكانی، به‌ڵكو حكومه‌تی عێراق، زۆر به‌توندی دژی ئه‌وانه‌یه‌ کە ده‌یانه‌وێت ده‌ستور پێشێل بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار لیژنه‌ی به‌كارهێناوە بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و پرسه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و گۆڕانكاری نوێ.

داواش ده‌كات: هه‌موو لایه‌نه‌كان هێرشه‌كانیان راگرن كه‌ بووه‌ته‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی زیانی گه‌وره‌ی مادی و گیانی، عێراقیش به‌ گرنگییه‌وه‌ چاودێری ئه‌م پێشه‌وه‌چوون و گۆڕانكارییانه‌ ده‌كات، له‌و هەڵە سه‌ربازییه‌ش نیگه‌رانه‌ كه‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه‌.

پ: ک. س
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە