ژن و پیاوێک کوژران

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 3350‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوهەرزی

بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ژن و پیاوێک لە ناحیەی ئەترووش لە سنووری پارێزگای دهۆک کوژران، لە رووداوێکى تریشدا ژنێک بەهۆى موەلیدەوە گیانی لەدەستدا.

هێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆک (ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئەیلولى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: کاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە ژن و پیاوێک لە گوندی مغارای سەر بە ناحیەی ئەترووش کوژران.

وتیشی: "پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ بە دەستڕێژی گولـلە ژنەکەی کوشتووە، دواتریش پیاوێکى کوشتووە کە لە کۆمپانیای نەوت لەو دەڤەرە ئیشدەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد: هۆکاری ئەو رووداوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەکی دەگەڕێتەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە بنکەی پۆلیسی ئەترووش کراوەتەوە، فەرمانی گرتن بۆ بکوژەکە بەپێى مادەی 406 دەرکراوە.

هێمن ئەوەشی خستەڕوو: لە سەنتەری پارێزگای دهۆک ژنێک دوای ئەوەی خۆی نزیک دەکاتەوە لە موەلیدەی کارەبا قژی بەر پەروانەی موەلیدە کەوتووە و لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا.

باسی لەوەشکرد: هاوسەرى ئەو قوربانیە ئیشی موەلیدەی ئەو گەڕەکە دەکات، دوای رووداوەکە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بەپێی مادەی 411 لەسەر رووداوەکە کراوەتەوە.

 

پ: ک. س
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure