"حكومه‌تى هه‌رێم نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ناكات"

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 3739‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ نوێنه‌رانى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق و كوردستانیان راگه‌یاندووه‌: هه‌رێمى كوردستان نایه‌وێت به‌ ته‌واوى نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكات، وه‌زیرێكى حكومه‌تی هه‌رێمیش دەڵێت: "هیچ مه‌رجێكمان بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا نییه‌".


به‌پێى وته‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كه‌ هه‌فته‌ى رابوردوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌، به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ روونى باسیان له‌وه‌كردووه‌ كه‌ ئاماده‌نین ته‌واوى نه‌وتى هه‌رێم راده‌ست بكه‌ن، به‌وپێیه‌ى هه‌رێمى كوردستان قه‌رزێكى زۆرى له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌بووه‌.

به‌پێى وته‌ى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مان، هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێت ریككه‌وتنێكى سێ ساڵى له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجامبدات، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجانه‌ى هه‌رێم دایناون له‌وانه‌ راده‌ستنه‌كردنى ته‌واوى نه‌وت و له‌به‌رامبه‌ردا پێدانى ته‌واوى شایسته‌ داراییه‌كان به‌ رێژه‌ى 17% بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ و پێدانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان به‌ هه‌رێم مه‌رجى قورسن و پێناچێت به‌غدا قبوڵى بكات.

دواڕۆژ زانیویه‌تى له‌ئێستادا هه‌ریه‌ك له‌ باڵوێزخانه‌ و كونسڵخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا و هه‌رێم له‌سه‌ر هیڵن بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا به‌مه‌به‌ستى لێكنزیكردنه‌وه‌ى بەغدا و هەرێم.

سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم بۆ رێککەوتن جیایە لە ستراتیج، رێککەوتن بە ئاراستەی سیاسی ناکرێت، بە پلان و ستراتیج دانووستان دەکرێت. تا ئەم چرکەساتە بەغدا هیچ وەڵامێکی نییە بۆ داواکانی هەرێم، چونکە ستراتیجی دانووستان هەڵەیە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: بۆ پەرلەمانتار ژمارە و داتا بایەخی ئەوتۆى نییە لە گفتوگۆدا، ئێمە یاسا و دەستور بنەمای گفتوگۆکردنمانە نەک چەند بەرمیل و چەند قەرز، ئەوە کاری لایەنی تەنفیزییە بڕواتە ناو ئەو وردەکاریانە، ئەم چیرۆکەش زۆر دووبارەیە کە هەموو ساڵێک لە کاتی بودجەدا حکومەتی هەرێم پرسە گورگانە بە نوێنەران دەکات و دواتر پابەندی هیچ یاسا و رێککەوتنێک نابێت.

وه‌زیرێكى حكومه‌تى هه‌رێمى تایبه‌ت به‌و به‌رپرسه‌ كه‌ نه‌یوست ناوه‌كه‌ى ئاشكرابكرێت بەدواڕۆژی راگه‌یاند: هیچ مەرجێک نییە بۆ رێککەوتن نە لە بەغدا و نە لە ھەولێر، ئەوەی لە راگەیاندن باسکراوە تەنیا زانیارییەکانن کە پێویستە رای گشتی و پەرلەمانتاران لێی ئاگادربن کە ئەگەر بە حساب و کتاب بێت دەبێت ئەو ژمارانە بخرێنە بەر دەست و ژمارەکان تەنیا بۆ بەرچاوڕوونی برادەران بوو نەک لە راگەیاندن بیکەنە مەرجی دانوستاندن.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure