ھاووڵاتیان لە کڕینی برنج ئاگاداردەکرێنەوە

هەواڵ / ئابوری :: 15/09/2019‌ :: 18652‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

به‌هۆی به‌سه‌رچوونی ماوه‌كه‌ی و خراپ عه‌مباركردنییه‌وه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی بڕێک برنج له‌ناوده‌به‌ن و پسپۆڕێكی خۆراكیش هاووڵاتیان له‌ برنجی خراپبوو ئاگادارده‌كاته‌وه‌‌و داوایان لێده‌كات له‌كاتی كڕین و بازاڕكردندا دڵنیابنه‌وه‌ له‌به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچوونی‌. 


گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: له‌ئه‌نجامی سه‌ردانی لیژنه‌‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان و پشكنینی ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ی له‌لایه‌ن بازرگان و دوكانداره‌كانه‌وه‌ به‌هاووڵاتیان ده‌فرۆشرێت، ده‌ركه‌وتووه‌ بڕێك برنج به‌هۆی خراپ عه‌مباركردنیه‌وه‌ ئه‌سپێی هه‌ڵهێناوه‌ و به‌شێكی تریان به‌هۆی به‌سه‌رچوونی ماوه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ چه‌ند ماركێت و دوكانێك ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.

وتیشی: "بڕی برنجه‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوه‌كان له‌ (750) كیلۆگرام زیاتره‌ و له‌ جۆره‌كانی (ئەلسوڵتان، مه‌رجان، دۆلفین، فاخر و تایله‌ند)‌ه‌ و به‌فه‌رمانی قایمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كانیشیان رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌".

له‌شكر حه‌مید، پسپۆڕی بواری‌ زانستی خۆراك بۆ دواڕۆژی روونکردەوە: ئه‌و خۆراكانه‌ی به‌هۆی‌ خراپ عه‌مباركردن و به‌رزی پله‌ی گه‌رمی شوێنه‌كه‌وه‌ خراپ ده‌بن به‌ها خۆراكییه‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و شیاوی خواردن نین و پێویسته‌ له‌ناوببرێن.

ئەو شارەزایە داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات له‌كاتی كڕین و بازاڕكردندا به‌وریاییه‌كی زیاتره‌وه‌‌ ئاگاداری ئه‌و خۆراكانه‌بن و دڵنیابنه‌وه‌ له‌به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچوونی‌ هه‌روه‌ها دڵنیابنەوە لەوەی به‌هۆی به‌رزی پله‌ی گه‌رما له‌‌ كۆگاكان خۆراكه‌ وشكه‌كان مێروو تێی نه‌داون پاشان‌ بیكڕن و به‌كاریبێنن.‌

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure