عێراق له‌ به‌رهه‌مهێنانی غاز نزیك ده‌بێته‌وه‌ و ئاگری نه‌وت ده‌كوژێنێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 216‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا


وه‌زیری نه‌وتی عێراق، له‌ كۆڕبەندی عێراق بۆ وزه‌ ئاشكرایكرد: وڵاتەكەی سووره‌ له‌سه‌ر راگرتنی سووتانی غازی هاوه‌ڵی نه‌وت و به‌رهه‌مهێنانی ئەو غازە.

سامر غه‌زبان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند: “عێراق دوای له‌ناوبردنی داعش پێشوازی له‌ كۆمپانیا بیانییه‌ جیهانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وت ده‌كات، سووریشه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان و چاره‌سه‌ركردنی ژینگه‌ی كاركردن و ئاسانكردنی رێوشوێنی وه‌به‌رهێنان".

روونیشیكرده‌وه‌: “هاوشانی پێشكه‌وتنه‌كانی جیهانی ده‌ڕۆین، له‌سه‌ر ئاسته‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا و وزه‌ی نوێ، له‌ هه‌مانكاتدا سوورین له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌ستی گه‌یشتووه‌ به‌چه‌ند كۆمپانیایه‌ك بۆ وه‌به‌رهێنانی غازی هاوه‌ڵی نه‌وت و راگرتنی سوتانی".

پێشتر حه‌یان عه‌بدولغه‌نی، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای غازی باشووری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت رایگه‌یاند: “ئه‌وه‌ی پلانی بۆ داڕێژراوه‌، له‌ماوه‌ی سێ ساڵی داهاتوودا، وه‌به‌رهێنانی غاز بگاته‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیار و 600 ملیۆن پێ بە پێوانه‌یی چوار گۆشه".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: “وه‌زاره‌ت ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێت دیارده‌ی سوتانی غاز له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2022دا نه‌مێنێت، وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و كۆمپانیاكانی دروستكردنی پترۆكیمیاوی و گازی سروشتی، غازی هاوه‌ڵی نه‌وتیان بدرێتێ، وه‌ك ماده‌ی خاو بۆ به‌رهه‌مهێنانی پلاستیك و سه‌مادی كیمیاوی".

ساڵانه‌ عێراق به‌هۆی سوتانی ئه‌و غازه‌ی كۆنترۆڵ ناكرێت و له‌گه‌ڵ نه‌وتدا ده‌رده‌چێت، نزیكه‌ی پێنج ملیار دۆلار زیانی پێده‌گات، ئه‌وه‌ش به‌پێی لێدوانی په‌رله‌مانتارانی عێراق.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure