"هەندێك لەكۆمپانیاكان بۆ ساغكردنەوەی دەرمان، دیاری ده‌ده‌نه‌ هەندێك لەپزیشكان"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/09/2019‌ :: 350‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان ئاشكرای دەكات، چەند ساڵێكە هەندێك لەكۆمپانیاكانی دەرمان بۆ ساغكردنەوەی دەرمان، دیاری بەهەندێك لەپزیشكان دەدەن، وەزارەتی تەندروستی دان بەو حاڵەتەدا دەنێت، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانیش دەڵێت: "تائێستا لەو رووەوە بەڵگەیان لەبەردەستدا نییە".


د.باریف زاهیر، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: نزیكەی شەش ساڵە پێدانی دیاری لەلایەن هەندێك لەكۆمپانیاكانی دەرمانەوە بەهەندێك لەپزیشكان بۆ ساغكردنەوەی دەرمان پەیدا بووە، ئەو كارە بزنسێكی جیهانییە و پێی دەڵێن "ئیشی پیس".

ناوبراو وتی :"سەرەتا كۆمپانیا بیانییەكان دەیانكرد، بەداخەوە ئێستا هەندێك لە كۆمپانیا كوردییەكانیش فێری بوون و تەنانەت داهێنانی تێدا دەكەن، ئێستا هەندێك لەو كۆمپانیایانە ئەگەر بزانن پزیشكێك تاقەتی لەگەشتكردن نەماوە، تەلەفۆن یان پارەی بە دیاری بۆ دەبەن بۆ ساغكردنەوەی دەرمان، لەكاتێكدا "فرۆشتنی دەرمان بە مەرج" نزیكە لەبازرگانیكردنە بەگیانی نەخۆشەوە".

د.باریف روونكردنەوەی زیاتری لەوبارەیەوە دا: "بۆ نموونە كۆمپانیایەك سەردانی پزیشكێك دەكات و دەڵێت ئۆتۆمبێلێكم بە دیاری بۆ هێناویت، بەڵام تا سەری مانگ 400 عولبەی دەرمانم بۆ سەرف بكە، ئەو پزیشكە دەرمانەكە دەنووسێت و نەخۆش دەیكڕێت، بەڵام هیچ كەسێك نییە بزانێت ئەو نهێنییە لای پزیشك و كۆمپانیاكە هەیە".

لەبەرامبەردا د.تەها مەحوی، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: بەهەموو شێوەیەك دژی ئەو حاڵەتەن كە رەنگە لەسەر حسابی نەخۆش بكرێت، ئەگەر به‌ڵگه‌ش هەبێت رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو پزیشكە دەگرنەبەر كە ئەو كارە دەكات، بەڵام تائێستا به‌ڵگه‌ لەو رووەوە نییە.

سەبارەت بەوەی بیستوویانە ئەو حاڵەتە هەیە؟، تەها مەحوی دەڵێت: "گومان دەكەین ئەو حاڵەتە هەبێت، بەڵام دەبێت دۆكیومێنتمان هەبێت، جارێك ئەو حاڵەتەم بەپزیشكێك وت، ئەویش پێیوتم چ بەڵگەیەكت هەیە بیسەلمێنیت شتی وا نییە".

سەندیكای دەرمانسازان بۆ بنەبڕكردنی ئەو دیاردەیە لەگەڵ د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی قسەیان كردووە و ئەویش پێیباش بووە، پێیوایە ئەگەر وەزارەت و سەندیكاكانی پزیشكان و دەرمانسازان جددی بن دەتوانن لەدوو مانگدا ئەو دیاردەیە بنەبڕ بكەن.

ناوبراو وتی: "دەتوانین بە هەر سێ لامان كۆنترۆڵی ئەو بابەتە بكەین، چونكە سەندیكای پزیشكان و دەرمانسازان لەپزیشك و دەرمانسازان بەرپرسن و كۆنترۆڵی كۆمپانیاكانیش لەژێر دەستی وەزارەتە، دەتوانین چەند رێنماییەك دابنێین كە دەبێت كۆمپانیاكان پابەندبن پێوەی، بەوشێوەیە كۆنترۆڵ دەكرێت".

بۆ وەرگرتنی رێگەچارەی بنەبڕكردنی ئەو حاڵەتانە، بەرپرسەكەی پزیشكان روونیكردەوە: رێگەچارە ئەوەیە گشتاندن بكەن كە ئەو حاڵەتە قەدەغەیە و یاسایی نییە، بەڵام بۆ رێكاری یاسایی دەبێت دۆكیومێنت هەبێت، سەبارەت بەڕێكارەكانیان بۆ ئەو حاڵەتانە، مەحوی وتی: "لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو پزیشكە دروست دەكەین، لەیاسای سزادان لیژنەی ئینزیباتیش هەیە رەنگە لەو حاڵەتەدا ئەو پزیشكە رەوانەی ئەو لیژنەیەش بكرێت".

هەروەها د.محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: لەڕووی یاسایی و ئەخلاقی پیشەییەوە كارێكی رەتكراوەیە و ناكرێت دەرمانێكی دیكە جگە لەو دەرمانەی بۆ نەخۆش پێویستە بنوسرێت، تەنانەت پزیشك بۆی نییە نەخۆش ناچار بكات بەكڕینی جۆرێكی دەرمانێكی دیاریكراو ئەگەر بزانرێت چەند جۆرێكی دیاریكراو سوودی هەیە.

د.محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد: پزیشك بۆیشی نییە نەخۆش ناچار بكات لەشوێنێكی دیاریكراو دەرمان بكڕێت، هەندێجار هەندێك لەكۆمپانیاكان رێككەوتنیان لەگەڵ هەندێك پزیشك هەیە كە بەهەمانشێوە نایاسایی و نائەخلاقییە.

ناوبراو وتی: "بەدڵنیاییەوە ئەو حاڵەتە هەیە، بەڵام لەهەموو شوێنێك هەر حاڵەتێكی نایاسایی هەبێت پێویستی بەچاودێری بەردەوام هەیە، بۆ چارەسەركردنیشی پێویستە چەند لایەنێك رێكار بگرنەبەر و دەبێت بەشێوەی تیم كۆنترۆڵ بكرێن".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌:  ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure