"ئه‌و ده‌رمانانه‌ى به‌ ناوى جوانكاریى هاورده‌كراون نایاسایین"

هەواڵ / کوردستان :: 14/09/2019‌ :: 372‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌نته‌رێكى گه‌وره‌ى جوانكارى له‌ هه‌ولێر، به‌هۆى به‌كارهێنانى ده‌رمانى نه‌شیاو داخرا. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كۆنترۆڵى ده‌رمان-یش داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات: "به‌ ریكلامه‌كانى ده‌رمانى جوانكاریى هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن چونكه‌ ئه‌و ده‌رمانانه‌ى بۆ جوانكاریى به‌كاردێن نایاسایین".


عیسا عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى كۆنترۆڵى ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى هه‌رێم، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "لیژنەی بەدواداچوون و چاودێریی دەرمان، کە پێکھاتووە لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی تاوانی رێکخراوى سەر بە ئاژانسی پاراستن و بە ھاوکاریی پۆلیسی شارەوانی ھەولێر (سەرنتەری جوانکاریی ئافرۆدیت)ى داخست. ئه‌و سه‌نته‌ره‌ که دەکەوێته ناو تابڵۆ مۆڵ له هەولێر، بەهۆی هاوردەکردنى ده‌رمان به‌شێوەیەکی نایاسایی و فرۆشتنی دەرمانی رێگەپێنەدراو و نەشیاو، داخراوه‌ و هەموو ئەو دەرمانه نایاساییانه لەلایەن لیژنەکەوه دەستیان بەسەرداگیراوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى زانستى له‌ناوده‌برێن".

هاوكات له‌ راگه‌یاندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتى كۆنترۆڵى جۆریى دەرمان، هەموو شوێنەكانى سەنتەری جوانكارى و دەرمانخانەكان ئاگاداردەكاتەوە مامەڵە بەو دەرمانانه‌وه‌ نەکەن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى نایاساییى هاورده‌ى هه‌رێم كراون"به‌پێچەوانەوه خۆیان بەرپرس دەبن و بە توندترین شێوە سزا دەدرێن، چونكە ئەم دەرمانانه زیان بە تەندروستى مرۆڤ دەگەیەنن".

كۆنترۆڵى ده‌رمان هاووڵاتیانیش ئاگاداردەكاتەوە: "بەو مۆدێل و بەرهەمانەى جوانكاریى هەڵنەخەڵەتێن كە ریكلامیان بۆ دەكرێت، چونکه ئەم دەرمانانه هیچ رێگەپێدانێكى وەزارەتى تەندروستییان نییە و بە شێوەیەكى نافەرمى هاوردە دەكرێن". 
 
پ: ل. م

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure