سییه‌كانى زه‌وى، جه‌نگه‌ڵه‌كانى ئه‌مازۆن ده‌سووتێن

هەواڵ / چاوی تۆ :: 14/09/2019‌ :: 92‌ جار بینراوە

بورهان شێخ ڕه‌ئوف

ناوچه‌ى به‌رینى ئه‌مازۆنى ئیستیوائى، گه‌وره‌ترین جه‌نگه‌ڵى باراناوییه‌ له‌جیهاندا، رووبه‌ره‌كه‌ى نۆ وڵاتى ئه‌مریكاى لاتین ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌وانیش (برازیل، پیرۆ، گیانا، بۆلیڤیا، ئیكوادۆر، سورینام، ڤه‌نزویلا، كۆڵۆمبی، گویناى فره‌نسى). ژماره‌یه‌كى ئێجگار زۆر دار و دره‌ختى جۆراوجۆر و ڕووبار و ئاژه‌ڵى وشكایى تێدایه‌ كه‌ له‌ وێنه‌یان نیه‌ له‌ هیچ شوێنێكى دیى جیهاندا.


مێژووى جه‌نگه‌ڵه‌كانى ئه‌مازۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 55 ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ نیشتمان و جێنشینگه‌ى نزیكه‌ 400 گه‌ل-ى دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى كیشوه‌رى ئه‌مریكاى لاتین بووه‌. له‌ ساڵى 1500ى زایینیدا ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى و هه‌موو خێڵه‌كانى كه‌ له‌و دارستانه‌دا نیشته‌جێ بوون له‌ 6 ملیۆن بۆ 9 ملیۆن كه‌س بوون، به‌ڵام له‌ئێستادا ژماره‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى خۆى له‌ 250 هه‌زار كه‌س ده‌دات كه‌ به‌ 170 زمانى جیاواز ده‌ئاخافن. باس له‌وه‌یش ده‌كرێت نزیكه‌ى 50 خێڵى تێدا نیشته‌جێن كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ جیهانى ده‌ره‌وه‌ نییه‌.

سێ-یه‌كى رووبه‌رى جه‌نگه‌ڵستانى ئه‌مازۆن ده‌كه‌وێته‌ وڵاتى برازیل-ه‌وه‌ كه‌ نیوه‌ى رووبه‌رى جه‌نگه‌ڵستانى باراناویى جیهان پێكده‌هێنێت و رووبه‌ره‌كه‌ى 6 ملیۆن و 900 هه‌زار كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌یه‌، واته‌ ئه‌م رووبه‌ره‌ 48 جار له‌ رووبه‌رى وڵاتێكى وه‌ك ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا گه‌وره‌تره‌. هه‌روه‌ها 40%ى رووبه‌رى كیشوه‌رى ئه‌مریكاى باشوور پێكده‌هێنێت و گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ى دابینكردنى ئۆكسجینه‌ بۆ گۆى زه‌وى كه‌20% پێكده‌هێنێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ پێیده‌ڵێن سى-ى زه‌وى. له‌هه‌مانكاتیشدا ساڵانه‌ جیهان رزگار ده‌كات له‌ یه‌ك تریلیۆن ته‌ن كازى دووه‌م ئۆكسیدى كاربۆن، بۆیه‌ به‌گرنگترین ناوچه‌ دێته‌ ئه‌ژماركردن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دیارده‌ى (احتباس الحرارى).

ساڵانه‌ى وه‌رزى وشكایى ئه‌م دارستانانه‌ له‌ مانگه‌كانى ته‌موز و ئاب-دا ده‌ستپێده‌كات، بۆیه‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و گڕتێبه‌ربوونى به‌شێوه‌یه‌كى باو ده‌بینرێت به‌ تایبه‌تى له‌ مانگى ئه‌یلول-دا هه‌روه‌ك ئاژانسى ناساى ئه‌مریكى رایگه‌یاندووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌مساڵ (2019) روویداوه‌ زۆر فراوانتر و به‌ربڵاوتره‌ له‌ساڵانى تر به‌شێوه‌یه‌كى دروستكراو له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌ نابه‌رپرس و جووتیارانى ئه‌و ناوچانه‌وه‌ به‌هۆى هه‌ندێك كارى نایاسایى بۆ ئه‌وه‌ى داره‌كان بسووتێنن و دواتر سوود له‌ شوێنه‌كه‌ى ببینن بۆ به‌ خێوكردنى ئاژه‌ڵ و ره‌شه‌وڵاخ و ئاژه‌ڵداریى، چونكه‌ ناوچه‌ى ئه‌مازۆن شوێنێكى زۆر گونجاو و له‌باره‌ بۆ به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ و نزیكى 200 ملیۆن سه‌ر مه‌ڕ و مانگا و بزن و هه‌موو جۆره‌كانى ئاژه‌ڵى تێدایه‌، بۆیه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى هه‌موو جیهانه‌ كه‌ 25% به‌رهه‌مى جیهان پێكدێنێت. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یشه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ڵێن 80%ى هۆكاره‌كانى ئه‌و ئاگرنانه‌وه‌ و سووتاندنه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ جووتیاره‌كان دارستانه‌كان ده‌سووتێنن و دواتر شوێنه‌كه‌ى به‌كارده‌هێنن بۆ به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ. 

رێكخراوه‌كانى پارێزگارى له‌ ژینگه‌، په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ سه‌رۆكى برازیل (جائیر بۆلسونارۆ)  راده‌كێشن كه‌ گڵۆپى سه‌وزى داگیرساندبێت بۆ جووتیاره‌كان تا دارستانه‌كان بسووتێنن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ى له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێكرد. له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ سه‌رۆكى برازیل تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ى ئه‌و رێكخراوانه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت"ئه‌وان كاره‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌ به‌ ده‌ستى ئه‌نقه‌ست، ئاگریان به‌رداوه‌ته‌ دارستانه‌كان بۆئه‌وه‌ى منى پێ تاوانبار بكه‌ن".

جه‌نگه‌ڵه‌كانى ئه‌مازۆن و كه‌شوهه‌واى زه‌وى، په‌یوه‌ندییه‌كى توندیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌یه‌ك جیاناكرێنه‌وه‌ چونكه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رماى ساڵانه‌ به‌هۆى گۆڕانكاریى له‌ڕاده‌ى بارانبارین و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ دارستانه‌كان رۆڵێكى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى دیارده‌ى گۆڕانكاریى كه‌شوهه‌وا به‌هۆى ئه‌وه‌ى بڕێكى زۆر له‌ گازى دووه‌م ئۆكسیدى كاربۆن هه‌ڵده‌مژن، ئه‌مه‌یش رۆڵێكى گرنگ ده‌بینێت له‌ به‌رگرتن له‌ گۆڕانكاریى كه‌ش و ئاو و هه‌وا، بۆیه‌ له‌حاڵه‌تى له‌ ناوچوونى ئه‌م جه‌نگه‌ڵستانه‌ گه‌ورانه‌دا ئه‌م هۆكاره‌ مه‌زنه‌ نامێنێت بۆ به‌رگریى له‌ زه‌وى.

ئا: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure