ئاستى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى هه‌رێم 550 هه‌زار به‌رمیله‌

هەواڵ / ئابوری :: 14/09/2019‌ :: 172‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابوردووى نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مان به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایان كردووه‌: كه‌ رۆژانه‌  له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان 550 هەزار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.


رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابوردوو 12ى ئه‌یلول، شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان له‌باره‌ى گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ پرسی بودجه‌ و به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تای ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی بودجه‌ی 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ كۆبووەوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌وە ده‌ستیكه‌وتووه‌، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى ئاستى ده‌رهێنان و هه‌رنارده‌كردنى نه‌وت بۆ په‌رله‌مانتارانیان ئاشكراكردووه‌ كه‌ له‌ئێستادا هه‌رێمى كوردستان رۆژانه‌ زیاتر له‌ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: به‌شێك له‌و داتا و زانیارییانه‌ى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان خرانه‌ڕوو داوایان لێكراوه‌ به‌ نهێنى بهێڵدرێته‌وه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا دانوستانى له‌ پێشه‌.

ناوبراو، ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: به‌پێى داتاكانى حكومه‌ت بێت هه‌رێم 47 گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كردووه‌ و به‌شێك له‌و گرێبه‌ستانه‌ش شكستیان هێناوه‌ و هه‌ندێ له‌ كۆمپانیاكانیش پاشه‌كشه‌یان كردووه‌.

روونیشیكرده‌وه‌: به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌نین به‌ ته‌واوى نه‌وت راده‌ست بكه‌ن بۆ ساڵى 2020 و سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ته‌واوى شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم نه‌درێت ئه‌و به‌شه‌شى كه‌ دیاریده‌كرێت له‌ یاسای بودجه‌دا راده‌ستى به‌غداى ناكه‌ن، چونكه‌ له‌ماوه‌ى رابوردوودا به‌غدا شایشته‌ داراییه‌كانى نه‌ناردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌رێم تووشى قه‌رزێكى زۆر بووه‌.

پ: چ.ع

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure