کار لەسەر بەتایبەتکردنى خوێندنی باڵا دەکرێت
وەرگرتن لەزانکۆ حکومیەکان بۆ کەمترین ئاست دابەزیووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/09/2019‌ :: 253‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

رێژەى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بۆ خوێندن بەخۆڕایى لەمساڵدا تەنیا 35%ە وەک ئەوەى بەشێک لە شارەزایان باسیدەکەن ئەمەش دەبێتە پاڵنەر تا زۆینەى دەرچووان روو لە خوێندن بە پارە و کەرتى تایبەت بکەن، بەرپرسانى خوێندنى باڵا دەڵێن: دیاریکردنى کورسیەکان بەراورد بە ژمارەى دەرچووان دانراوە و پسپۆڕێکى پەروەردەش دەڵێت: حکومەت دەیەوێت ئەو کەرتە بکرێتە تایبەت بۆیە بە بەرنامە وەرگرتن لە زانکۆ حکومیەکان کەمدەکرێنەوە.


دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەفەرمی رێژەی کورسی دابینکراو و کۆنمرەی وەرگیرانی لە زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان بڵاوکردەوە، پرسەکە دەنگدانەوە و رەخنەى بەدواى خۆیدا هێنا، بەتایبەت لەوەى پەیوەندى بە خوێندن بە خۆڕاییەوە هەیە.

بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردەى هەرێم ژمارەى دەرچووانى ئەمساڵى ئامادەییەکان لەسەر ئاستى سەرجەم پارێزگاکان نزیکەى 52 هەزار خوێندکارە.

بەڵام بۆ جێکردنەوەى دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەپێى پلانى ئەمساڵى وەزارەتى خوێندنى باڵا تەنها 24 هەزاریان کورسییان لە زانکۆى حکومى بە خۆڕایى بۆ تەرخانکراو و ئەودواى دەرچووان بۆ درێژەدان بە خوێندن پێویستە روو لە خوێندنى پارالێڵ یان زانکۆ و پەیمانگا تایبەتیەکان بکەن.

بەپێى پلانى وەزارەتەکە زیاتر لە 10 هەزار کورسى لە زانکۆى حکومى بەشێوەى پارالێڵ (خوێندن بە پارە) و زیاتر لە 11 هەزاریشیان لە زانکۆى حکومى ئێواران (خوێندن بە پارە) وەردەگیرن و ئەودواى دەرچووانیش پێویستە روو لە زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان بکەن.

دکتۆر خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە دواڕۆژی رایگەیاند: ئەمساڵ 51 هەزار و 933 خوێندکاری دەرچووی 12ی ئامادەیی خوێندنی ئامادەییان تەواوکردووە کە 33 هەزاریان لە زانستی و ئەوانی تریش لە لقی وێژەیین.

وتیشى: "كورسییەكان لە زانكۆکانى هەرێم بەراورد بەدەرچووان دیاریکراوە، ژمارەی کورسیەکان زیاترە لە خوێندکاران بەجۆرێک 24 هەزار کورسی خوێندنی حکومیە ئەوانی تر پارالێڵ و ئەهلین".

ئەوەشى وت: "كرێى خوێندنى ساڵانه‌ى پارالێڵ و ئێواران و خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتیەکان ده‌هێندرێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش له‌لایه‌ن به‌رپرسانى وه‌زاره‌ت پێشكه‌شكراوه‌ و هەفتەی داهاتوو بڕیاری لەسەردەدرێت".

لەسەر بنەماى کورسییە تەرخانکراوەکانیش کۆنمرەى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان گۆڕانکارى تیاکراوە.

دکتۆرە ئارام قەنبەر، بەرپرسی ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە دواڕۆژ وت: "بەپێی پلانی وەزارەت بڕیاردراوە کەمترین کۆنمرە لە زانکۆ حکومیەکان بۆ بەشى وێژەیى 65 و بۆ بەشى زانستى 60 بێت، هەروەها بۆ پەیمانگاکان کەمترین کۆنمرە بۆ بەشى وێژەیى 60 و بۆ بەشى زانستى 55 دەبێت لە خوێندنی بەیانیانی حکومی، کەمترین کۆنمرەش لە خوێندنی ئێواران بۆ پەیمانگاکان 55 دەبێت".

بەمەش هەر دەرچوویەکى بەشى وێژەیى کۆنمرەى لە 65 کەمتربێت لە هیچ زانکۆیەکی حکومی وەرناگیرێت و ئەوانەشى کۆنمرەیان لە 60 کەمتربێت لە هیچ پەیمانگایەکی حکومی وەرناگیرێن، ئەوانەى کۆنمرەیان لەنێوان 50 بۆ 60-ە دەبێت بە ناچارى روو لە زانکۆ و پەیمانگا ئەهلیەکان بکەن.

هەروەها بۆ بەشی زانستیش کەمتر لە کۆنمرەی 60 بۆ کۆلێژەکان و 55 بۆ پەیمانگاکان لە هیچ شوێنێک وەرناگیرێن.

کورسى تەرخانکراو و کۆنمرەى وەرگرتن بۆ ئەمساڵ رێژەى وەرگرتن بۆ کەمترین ئاست بەراورد بە ساڵانى رابردوو دادەبەزێنێت.

کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی ئەو پلانەى وەزارەتى خوێندنى باڵا رایگەیاندوە تەنها 35%ی کورسی خوێندن بەخۆڕایی بۆ خوێندکاران دابیندەکرێت، 65%ی خوێندکاران دەبێت بەپارە بخوێنن و پارەبدەن بۆ ئەوەی بڕوانامە بەدەستبهێنن.

وتیشى: "خوێندن لە خوێندکار کراوە بە پارە، خوێندنیان کردووە بە تیجارەت و پارە، ئەوەش زیان بەو کەرتە دەگەیەنێت".

بەپێی بەدواداچوونەکانى دواڕۆژ وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ حکومیەکان ساڵانە کەمدەبێتەوە، بەجۆرێک بۆ ساڵی خوێندنى (2015-2016) نزیکەی (35) هەزار خوێندكار وەرگیراوە، ساڵی (2016-2017) زیاتر لە (31) هەزار خوێندکار وەرگیراوە، ساڵی (2017-2018) کەمبووەتەوە بۆ نزیکەى (29) هەزار خوێندکار و ساڵى رابردووش (2018-2019) کەمتر بووەتەوە بۆ (28) هەزار خوێندکار بە سەرجەم سیستمەکانى (زانکۆلاین، راستەوخۆ بەکریدیت، پارالێڵ و ئێواران).

دەربارەى ئەو داتایە پسپۆڕێکى پەروەردەیى پێیوایە کە حکومەت پلانێکى واى هەیە کە لەماوەى 10 ساڵى داهاتوودا لانیکەم 80%ى خوێندنى باڵا بکاتە ئەهلى و لە کەرتی حکومی دوریبخاتەوە.

دکتۆر ئامانج یەحیا، پسپۆڕى پەروەردەیى بە دواڕۆژى راگەیاند: لەماوەی نزیکەی چوار ساڵدا 10 هەزار خوێندکار کەمتر وەرگیراوە و لە کەرتی حكومی بۆ کەرتى تایبەتی دوورخراونەتەوە.

وتیشى: "حکومەت دەیەوێت کەرتی پەروەردە حکومی بێت، بەڵام خوێندنی باڵا بکرێت بە تایبەت بۆیە بە بەرنامە وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ حکومیەکان کەمدەکرێنەوە و هەناردەی زانکۆ ئەهلیەکانیان دەکەن".

داڕشتنەوە: شیروان شەریف

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure