عومه‌رى سه‌ید عه‌لى به‌ رێكخه‌رى گشتى گۆڕان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/09/2019‌ :: 253‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامانى جڤاتى نیشتمانى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى بۆ دووه‌م خول به‌ رێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.


له‌دواى كۆچى دوایى نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌رى پێشووترى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و به‌ هه‌ڵبژاردن عومه‌رى سه‌ید عه‌لى بوو به‌ رێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌كه‌، ئه‌مڕۆش بۆ دووه‌م جار به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامان بوه‌وه‌ به‌ رێكخه‌رى گشتى و به‌پێى ده‌ستوورى گۆڕان بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ له‌ پۆسته‌كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت.

عومه‌رى سه‌ید عه‌لى كێیه‌؟

عومه‌ر سه‌ید عه‌لی له‌ (1ی ته‌مموزی 1945) له‌دایكبووه‌، سیاسه‌تمه‌دارێكی كورده‌. له‌ 25ی ته‌مموزی 2017 بوو به‌ رێكخه‌ری گشتى بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.

یه‌كێك بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان له‌ ساڵى 1970، له‌ ساڵى 1976 بووه‌ بوو به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان. له‌ ساڵانى 1976 تا 1979 زیندانیكراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌.
 
ژیاننامه‌:
عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، له‌ ساڵی 1945 له‌ گه‌ڕه‌كی شێخانى شارى سلێمانی له‌دایكبووه‌ و خانه‌ی مامۆستایانی ته‌واوكردووه‌.

ژیانی سیاسی:
له‌ 1974 بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول تا نسكۆی شۆڕش به‌رده‌وام بووه‌، له‌ 1975 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌، له‌ ساڵى 1976 پاش ئاشكرابوونی رێكخستنه‌كه‌یان، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی له‌گه‌ڵ شه‌ش سه‌ركرده‌ی كۆمه‌ڵه‌ ده‌چێته‌ ئێران، له‌وێ ده‌ستگیرده‌كرێن و راده‌ستی عێراق ده‌كرێنه‌وه‌، دواتر له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ له‌ 11ی ته‌مموزی 1976 شه‌ش ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

ساڵی 1979 به‌ر لێبوردنی گشتی كه‌وت و ئازاد كرا. دوای ئازادبوونی له‌زیندان، به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵبژێردرا. له‌ 1980 به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌ له‌ بناری كێوه‌ڕه‌ش برینداربووه‌، بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی سوید كرا، له‌وێ سه‌رپه‌رشتی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی كردووه‌ له‌ ئه‌وروپا.

له‌ هه‌موو كۆنگره‌كانی یه‌كێتیدا، به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و پاشان مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌، جگه‌له‌وه‌ش ماوه‌یه‌ك سه‌رۆكی شاندی یه‌كێتی بووه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ پارتی بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی. جگه‌ له‌كاری حزبی.

له‌ 1992 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و ماوه‌یه‌كیش به‌رپرسی مه‌كته‌بی دارایی یه‌كێتی و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی یه‌كێتی بووه‌. ساڵی 2009 له‌گه‌ڵ (نه‌وشیروان مسته‌فا، قادری حاجی عه‌لی، عوسمانی حاجی مه‌حموود و محه‌ممه‌د تۆفیق ره‌حیم) ده‌ستی له‌ ئه‌ندامێتی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كێشایه‌وه‌ و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2009 له‌سه‌ر لیستی گۆڕان خۆی كاندیدكرد و دواتر كشایه‌وه‌.

پێش ئه‌وه‌ی به‌ رێكخه‌ری گشتیی گۆڕان هه‌ڵبژێردرێت، سه‌رپه‌رشتیاری فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان بووه‌. ساڵی 2016 و پێش كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا كاتێك بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی له‌ به‌ریتانیا بوو، له‌ رێی باڵیۆزخانه‌ی عێراقه‌وه‌ له‌ له‌نده‌ن بریكارنامه‌یه‌كی گشتی بۆ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی كرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ یاسایییه‌كانی گۆڕان رابپه‌ڕێنێت. پاشان له‌ 25ی ته‌مموزی 2017 به‌ هه‌ڵبژاردن بوو به‌ رێكخه‌ری گشتى بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە