ئه‌مڕۆ رێكخه‌رى گشتى و ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان هه‌ڵده‌بژێردرێن

هەواڵ / کوردستان :: 14/09/2019‌ :: 99‌ جار بینراوە
لۆگۆى بزوتنەوەى گۆڕان

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

بڕیاره‌ پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ جڤاتى نیشتمانى گۆڕان كۆببێته‌وه‌ و رێكخه‌رى گشتى و سكرتێرى جڤاته‌كه‌یان و ئه‌ندامانى دیكه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندن هه‌ڵبژێرێت.


به‌هادین ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14ى ئه‌یلولى 2019) به‌ دواڕۆژى وت: "كاتژمێر 10:00ى پێش نیوەڕۆى ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتمانى ئه‌نجام ده‌ده‌ین و تێیدا سكرتێرى جڤات و رێكخه‌رى گشتى و ئه‌ندامانى دیكه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندن هه‌ڵده‌بژێرین".

وتیشى: "بۆ پۆستى رێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌كه‌ (عومه‌رى سه‌ید عه‌لى و شۆڕش حاجى) خۆیان كاندیدكردووه‌، هه‌روه‌ها بۆ سكرتێرى جڤاتى نیشتمانى (زمناكۆ جه‌لال و عه‌دنان عوسمان) خۆیان كاندیدكردووه‌، جگه‌له‌وه‌ش بۆ سكرتێرى فراكسیۆنه‌كان ته‌نها (جه‌لال جه‌وهه‌ر) خۆى كاندیدكردووه‌".

به‌هادین ئه‌حمه‌د، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "بۆ سكرتێرى كاروبارى باژێڕوانه‌كان (ئاسۆ ره‌حیم و شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا) خۆیان كاندیدكردووه‌، بۆ سكرتێرى ژووره‌كان ( ده‌رباز محه‌مه‌د و گه‌یلان شێخ عومه‌ر) خۆیان كاندیدكردووه‌، جگه‌له‌وه‌ش بۆ سكرتێرى كاروبارى خه‌ڵك هه‌ریه‌ك له‌ (برزو مه‌جید، مونیره‌ عوسمان، قاره‌مان قادر و عومه‌ر حه‌مه‌حسێن) خۆیان كاندیدكردووه‌".

خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان له‌ حه‌وت ئه‌ندام پێكدێت و به‌پێى ده‌ستوورى ناوخۆیى گۆڕان هه‌ر دوو ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردنى بۆ ئه‌نجام ده‌درێت.

ژوورى هه‌ڵبژاردنى گۆڕان سه‌رپه‌رشتى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كات و لیژنه‌یه‌كى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق و دادوه‌ر ئاماده‌ده‌بن و چاودێرى پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

پێنجشه‌ممه‌ى رابوردوش 12ى ئه‌یلول جڤاتى گشتى گۆڕان هه‌ڵبژاردنى بۆ ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى جڤاته‌كه‌ كرد و تێیدا (جه‌مال حاجى محه‌مه‌د) به‌ سه‌رۆك و (عه‌لى عه‌بدوڵا) به‌ جێگر و (پێشڕه‌و ره‌ئوف) به‌ سكرتێرى جڤات هه‌ڵبژێردران.

به‌پێى ده‌ستوورى گۆڕان سه‌رۆكى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان راسته‌وخۆ ده‌بێت ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى و خانه‌ى راپه‌ڕاندن، به‌وپێیه‌ش (جه‌مال حاجى محه‌مه‌د) یه‌كه‌م ئه‌ندامى هه‌ڵبژێردراوى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى نوێى بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌.  

پێداچوونەوە: شیروان شەریف

بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure