لین پیاو.. مارشاڵەکەى کۆمارى چینى میللى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/09/2019‌ :: 269‌ جار بینراوە
لین پیاو و ماو تسى تۆنگ

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

یەکێک بوو لە سەرکردە باڵاکانى حزبى شیوعى چین و بە نزیکترین هاوپەیمانى ماو تسى تۆنگ،ى سەرۆک دادەنرا. تواناى لە ریزەکانى سوپا گەیاندییە پلەى مارشاڵ، بەڵام کۆتاییەکەى مردنێکى ناڕۆشن بوو.


لین پیاو لە 5ى کانونى یەکەمى 1907 لە گوندێکى بچوکى هەرێمى هوبى لەدایکبووە و لە سەرەتاکانى تەمەنیدا پەناى بردووەتە بەردەم خوێندن، لەنێو سەرجەم جۆرەکانیشیدا لین سوپاى هەڵبژارد کە دواتر بووە دیاریکەرى چارەنووسى.

ژیانى پیشەیى لەناو سوپادا تا ساڵى 1927 درێژەى کێشا، کاتێک هەڵمەتى حکومەت دژ بە شیوعییەکان لە چین دەستیپێکرد، لەوکاتەوە لین پیاو لە حکومەت دابڕا و پەیوەندى بە ریزەکانى یاخیبووە بەرهەڵسکارەکانى سیستمى سیاسییەوە کرد.

ئەو پیاوە سەربازییە دەستیکرد بە دروستکردنى یەکەى سوپاى سوور، بەخێرایش بووە کەسایەتیەکى دیارى نێو شیوعییەکان. لە سەرەتاى سییەکان بووە ئەندامى لیژنەى جێبەجێکردنى حیزب. ئەم پێشکەوتنەى بەپشتیوانى ماو تسى تۆنگ بوو. کە هەردووکیان بۆ ماوەى ساڵانێکى زۆر هاوەڵ و هاوڕێبازى یەکتر بوو. کاتێکیش ماو بووە سەرۆک حیزب، لین بووە کەسى دەستە راستى. 

لە ساڵى 1937 کاتێک ژاپۆن هێرشیکردە سەر چین، هەڵایسانى جەنگى دووەمى جیهان بووە ناونیشانى شانۆى رووداوەکان، لەو سەردەمەدا لین پیاو تواناکانى خۆى لە مەوداى فراواندا نیشاندا. ئەو یەکێک بوو لە کەسایەتیە شیوعیە ناسراوە خاوەن ستراتیج و تاکتیکەکان. وەک ئەفسەر و بەرپرسى فیرقەى 115 دەستنیشانکرا، یەکەکەى بەشدارى لە چەندین جەنگى گرنگدا کرد. دەروازەى زیاتر دەرکەوتن و ناساندنى شەڕى (بینسیگوان - Pingsiguan) بوو کە لین پیاو بوو بە داهێنەرى سەرەکى سەرکەوتنى چین.

شەڕەکە لە 24ى سێپتەمبەرى 1937 روویدا و تیایدا سوپاى ئیمپڕاتۆڕى ژاپۆنى شکستى هێنا، سەرکەوتنەکە بووە رووداوێکى گرنگ بۆ چینییەکان. کاتێکیش شیوعییەکان گەیشتنە دەسەڵات، شەڕەکە بووە چیرۆکى داستان و ناوبانگ، بەهۆى ئەو سەرکەوتنانەشەوە لین پیاو بووە پاڵەوانى نەتەوەیى. وێنەى سوپا چووە ناو لاپەڕەکانى رۆژنامەکانى وڵاتەوە.

پاش برینداربوونى لە ساڵى 1939، لین پیاو رەوانەى یەکێتى سۆڤیەت کرا بەمەبەستى چارەسەرکردن، کاتێکیش چاکبووەوە، نەگەڕایەوە وڵات بەڵکو لە سۆڤیەت مایەوە و بووە نوینەرى حزبى شیوعى چین لە کۆمنترن.

ساڵى 1942 جارێکى تر گەڕایەوە وڵاتەکەى و لە کۆنگرەى حەوتەمى حزبى شیوعى وەک ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەڵبژێردرا.

لە ساڵى 1945 ژاپۆن دانى بە شکستەکەیدا بەرامبەر چین هێنا و دواتریش شیوعییەکان دەسەڵاتیان لە وڵات گرتە دەست، پاشان لیان پیاو وەک فەرماندەى سوپاى دیموکراتى یەکگرتوو دیاریکرا.

پاش سەرکەوتنى شیوعییەکان لە جەنگى ناوخۆیى لە ساڵى 1949، کۆمارى چینى میللى پێکهێنرا، لین پیاو چەندین پۆستى سەربازى و ئیدارى گرتە دەست، لە ساڵى 1955 بەهۆى توانا و دەستکەوتەکانى لە سوپادا پلەى (مارشاڵ)ى پێدرا، دواتریش بە ماوەیەکى کەم بووە ئەندامى مەکتەبى سیاسى.

لە ساڵى 1959، سەرکردایەتى حیزبى شیوعى بڕیاریدا لین پیاو بکرێتە وەزیرى بەرگرى. لە ساڵى 1969 مارشاڵ بووە تاکە جێگرەوەى سکرتێرى کۆمیتەى ناوەندى حزبى شیوعى. بەجۆرێک لەناو چین لە سوپاوە تا جوتیاران پێیان وابوو مارشاڵ دەبێتە تاکە جێگرەوەى ماو تسى تۆنگ-ى سەرۆکى وڵات.

لەگەڵ ئەوەشدا لەکاتێکدا بە نزیکەیى لە لوتکەى دەسەڵاتدا بوو، لین پیاو رووبەڕووى یەکەم نشوستى بووە، سەرەتا ناکۆکى لەگەڵ زۆرینەى مەکتەبى سیاسیدا هەبوو، بەڵام لێدانى گەورە لە مارشاڵ ئاشکراکردنى پیلانگێڕییەک بوو دژ بە حکومەت لەنێو لایەنگراندا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى دەوڵەتەوە. تێڕوانینى جیاواز لەبارەى ئەو جوڵانەوەیەوە هەیە، هەندێک دەڵێن خودى لین پیاو سەرکردایەتى کردووە، هەندێکیش دەڵێن تا ساتى کۆتایى هیچ گومانێکى لەسەر نەبووە. 

پلانى سەرەکى کە ئاشکراکرا بە (پڕۆژەى 571) ناسرابوو، پلانگێران پلانى لەناوبردنى ماو تسى تۆنگ-یان دانابوو بەهەر رێگایەک بێت. کاتێک پێیان زانرا، وەک ئەوەى لە هەندێک لە گێرانەوەکاندا هاتووە مارشاڵ لە هاوینەهەوارێک لە پشوودابوو ویستویەتى لەگەڵ خێزانەکەى بە فڕۆکەیەکى تایبەت هەڵبێت، بەڵام فڕۆکەکە کەوتە خوارەوە و لە 13ى ئەیلولى 1971 مردنى وەزیرى بەرگرى چین راگەیەنرا.

ئا: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure