683 كه‌س له‌ هه‌رێم بڕیارى له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/09/2019‌ :: 377‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى زوو زوو بڕیارى له‌سێداره‌دان بۆ تاوانباران ده‌رده‌چێت، به‌ڵام ماوه‌ى 13 ساڵه‌ حكومه‌تى هه‌رێم جگه‌ له‌ چوار كه‌س، بڕیارى له‌سێداره‌دانى بەسەر هیچ تۆمەتبارێکدا جێبه‌جێنه‌كردووه‌ به‌مه‌ش ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى بڕیارى له‌سێداره‌دان ده‌یانگرێته‌وه‌ گه‌یشتووەته‌ 683 كه‌س، وه‌زاره‌تى كار و ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ و رێكخراوه‌كانى بوارى مافى مرۆڤیش "داواى جێگره‌وه‌ى له‌سێداره‌دان" ده‌كه‌ن.


دادگاى تاونه‌كانى سلێمانى (رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 12ى ئه‌یلول) رایگەیاند: له‌ دادگای تاوانەکانی سلێمانی/٢ دانیشتنی دووەمی تایبەت بە تۆمەتبارانی دۆسیەی کوشتنی هاووڵاتی (تاریق رۆسته‌م حه‌مه‌ساڵح) ناسراو بە (تاریقی بەقاڵ) بەڕێوەچوو، لە دادگایی کردنەکەدا کە هەرسێ تاوانباری دۆسیەکە ئامادەبوون، لەبەر بوونی بەڵگەی تەواو و شاهید و دانپێدانانی تۆمەتباران، دادگا بڕیاریدا بە لەسێدارەدانی هەرسێ تاوانباری دۆسیەکە بەپێی مادەی (٤٠٦) بڕگەی (١/ح) لە یاسای سزادانی عێراقی، هەروەها دادگا بڕیاریدا بە سزادانی تاوانباران بە قەرەبووکردنەوەی مادی داواکارانی مافی کەسی تاوانلێکراو بە بڕی یەک ملیار دیناری عێراقی.

بڕیاره‌كه‌ى دادگاى سلێمانى جارێكى دیكه‌، مشتومڕى جێبه‌جێكردنى یاساى له‌سێدارەدانى له‌ هه‌رێم دروستكردووه‌، فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ و ژماره‌یه‌ك له‌ یاساناسان داواى جێبه‌جێكردنى ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ى رێكخراوه‌ خۆماڵی و بیانییه‌كانى بوارى مافى مرۆڤ و ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ داواده‌كه‌ن جێبه‌جێنه‌كردنى بڕیاره‌كه‌ درێژه‌ى هه‌بێت.

به‌پێی یاسای ژماره‌ (111)ی سزادانى عێراقى كه‌ ساڵی (1969) ده‌رچووه‌ و له‌هه‌رێمى كوردستان كارى پێده‌كرێت، تاوانه‌كانى (تیرۆر، كوشتنى به‌ ئه‌نقه‌ست، ده‌ستدرێژى سێكسى، تاوانه‌كانى رفاندنى مرۆڤ، بازرگانى به‌ ماده‌ى هۆشبه‌ر، خیانه‌تى نیشتمانى و جاسووس) له‌و تاوانانه‌ن كه‌ سزاى له‌ سێداره‌دان ده‌یانگرێته‌وه‌، به‌ڵام دواى ساڵى (2006)ه‌وه‌ به‌هۆى فشارى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ناچاركرا بڕیارى جێبه‌جێكردنى بڕیارى له‌سێداره‌دانى رابگرێت، به‌ڵام تائێستا بڕیاره‌كه‌ له‌ دادگاكانى هه‌رێم ده‌رده‌چێت.

به‌پێى هه‌ردوو ئامارى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى چاكسازی وه‌زاره‌تى كار، كه‌ لاى دواڕۆژه‌ 683 كه‌س بڕیارى له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌ كه‌ به‌شێكیان عه‌ره‌بن و به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌ندامى رێكخراوى داعش بوونه‌، ده‌ستگیركراون.

تائێستا لیژنه‌ى ئه‌وقاف و كاروبارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان داواده‌كه‌ن سزاى له‌سێداره‌دان جێبه‌جێبكرێت.

لیژنه‌ى ئه‌وقاف له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا، ده‌ڵێت: "بەهۆى زۆربوونى حاڵەتەكانى كوشتن و ئاسان ئەنجامدانى ئەم تاوانە گەورەیە، كە مرۆڤ تیایدا قوربانیە وەك گەورەترین بەدیهێنراوى خواى گەورە كە لە شەرعى ئیسلامدا وەك رووخاندنى بیناى خواى گەورە دانراوە، ئێمە لە لیژنەی ئەوقاف و كاروبارى ئایینى پەرلەمان، توندكردنى سزاى تاوانباران و سەر لەنوێ كارپێکردنى سزاى لەسێدارەدان بۆ بكەرەکانیان بە رەوا دەزانین".

هاوكات عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بۆ هه‌ندێك تاوانى قێزه‌ونى وه‌كو كوشتنى به‌ئه‌نقه‌ست چه‌ند تاوانێكى دیكه‌، پێمانباشه‌ كار به‌ سزاى له‌سێداره‌دان بكرێت به‌مه‌ش رێگرى ده‌كرێت له‌ زیادبوونى تاوانه‌كان.

له‌به‌رامبه‌ردا یاساناسان و ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ و رێكخراوه‌كانى بواره‌كه‌ پێیانوایه‌ نابێت بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت بڕیارى له‌سێداره‌دان بۆ سزاى هه‌تاهه‌تایى بگۆڕدرێت.

محه‌مه‌د گۆمه‌شینى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ده‌كرێت له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ یاساى جێگره‌وه‌ بۆ له‌سێداره‌دان ئاماده‌بكرێت و ئه‌وانه‌ى بڕیاره‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ بڕیاره‌كه‌یان بۆ سزاى هه‌تاهه‌تایى بۆ بگۆڕدرێت.

هاوكات رۆمیۆ هه‌كارى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ده‌كرێت له‌م خوله‌دا په‌رله‌مان بڕیار له‌باره‌ى چاره‌نووسى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ربكات كه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، به‌ڵام نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌سەندى ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ سزاكه‌ جێبه‌جێبكرێت.

ته‌نیا ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن دادگا مه‌ده‌نییه‌كانى هه‌رێمه‌وه‌ سزاى له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌و چاوه‌ڕێى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، 275 كه‌سه‌و له‌و رێژه‌یه‌ش 11 كه‌سیان ئافره‌تن.

ده‌ریا محه‌مه‌د، یاساناس ده‌ڵێت: "سزای له‌ سێداره‌دان به‌ واتای لێسه‌نه‌وه‌ی مافی ژیان و ده‌رهێنانی رۆحی مرۆڤه‌كان دێت و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی رێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ و مافی تاوانبار نه‌گونجاوه‌ و پێویست ناكات ئه‌و سزایه‌ له‌ هه‌رێم جێبه‌جێبكرێت".

ئه‌وانه‌ى دواى 2006 بڕیاره‌كه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێكرداوه‌، چوار كه‌س بوون: ساڵى 2015 سزاى لە سێدارەدان به‌سه‌ر پیاوێك و دوو ژن جێبه‌جێكرا كە دوو ژنیان كوشتبوو، هەروەها ساڵى 2017 سزاى له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر ئه‌و تاوانباره‌ جێبه‌جێكرا كه‌ دواى ده‌ستدرێژى سێكسى، منداڵێكى له‌ دهۆك كوشتبوو.

ئه‌حمه‌د نه‌جمه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوه‌ى 10 ساڵه‌ داوا له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ین چاره‌نووسى ئه‌و كه‌سانه‌ یه‌كلایى بكاته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان به‌ چاوه‌ڕوانى تووشى حاڵه‌تى ناخۆشى ده‌روونى بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵاممان ناداته‌وه‌.

له‌ حافتاكانى سه‌ده‌ى رابوردوو هه‌ڵمه‌تى رێگرى له‌ جێبه‌جێكردنى سزاى له‌سێداره‌دان ده‌ستیپێكردووه‌، به‌مه‌ش زۆربه‌ى وڵاتان بڕیارى له‌سێداره‌دان جێبه‌جێناكه‌ن، به‌ڵام تائێستا بڕیاره‌كه‌ به‌ زۆرى له‌ وڵاتانى (عێراق، ئێران، سعودیه‌، پاكستان و چین) جێبه‌جێده‌كرێت.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure