ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکان ئاشکرادەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/09/2019‌ :: 117‌ جار بینراوە

تاگ :: شەنگال

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزى

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی كاروبارى ئێزدییه‌كان له‌ وەزارەتى ئەوقاف و كاروبارى ئایینی نوێترین ئامارى جینۆسایدى ئێزدییه‌كان له‌ شنگال ئاشکرادەکات و دەڵێت: "تا 13ى ئه‌یلولى 2019 ژماره‌ی رزگاركراوه‌كان گەیشتووەته‌ سێ هه‌زار و 515 كەس و چاره‌نووسى دوو ھه‌زار و 902 كەسیش نادیارە.


خەیری بۆزانی، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی كاروبارى ئێزدییه‌كان له‌ وەزارتى ئەوقاف و كاروبارى ئایینی حكومەتى هەرێمى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ جینۆسایدى شنگال دوو هه‌زار 745 كەس بێ دایك و باوك ماون و نزیكه‌ى 100 هه‌زار كه‌سیش چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات.

وتیشى: "دواى ئازادكردنى شنگال تا ئێستا 81 گۆڕى به‌كۆمەڵ و ده‌یان گۆڕى تاكه‌كسى دۆزراونه‌ته‌وه‌ و 68 مه‌زارى ئێزدییه‌كان ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ جینۆسایدى شنگال شه‌ش هه‌زار و 417 كەس رفێندرابوون كه‌ سێ هه‌زار و 548 كچ و ژن-یان تێدایە و دوو هه‌زار و 869 کەسیشیان منداڵ و پیاو بوون.

خه‌یرى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: تائێستا سێ هه‌زار و 515 كەس له‌ ده‌ستى تیرۆرستانى داعش رزگاركراون و دوو هه‌زار 902 كه‌سیش ماون كه‌ هه‌زار و 320 کەسیان لە ره‌گه‌زى مێن و هه‌زار و 852 ره‌گه‌زى نێر چاره‌نووسیان نادیارە.

به‌وته‌ى بۆزانى له‌ رۆژى یه‌كه‌مى جینۆسایدى شنگال هه‌زار و 293 كه‌س شه‌هیدبوون و 360 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون، ژماره‌ى ئێزدییه‌كانیش له‌ عێراق ده‌گاته‌ 550 هه‌زار كه‌س.

پ: ن.ر
بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە