هەفتەی داهاتوو بەغدا پارە بۆ هەرێم دەنێرێت

هەواڵ / ئابوری :: 13/09/2019‌ :: 13903‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تی عێراق هەفتەی داهاتوو بڕی 51 ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەنێرێت کە بۆ هەر پارێزگایەک بڕی 17 ملیار دینارە و له‌چه‌ند رۆژی داهاتووشدا دەستدەکرێت بە دابەشکردنی.


نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوەبه‌ری دیوانی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێم (ئه‌مڕۆ  هەینی 13ی ئه‌یلولی 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وەزارەتی بازرگانی به‌غدا ئاگاداریان کردینەوە کە هەفتەی داهاتوو بڕی 51 ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکەن ئێمەش له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌پێی خشته‌یه‌ك دابه‌شیدەکەین.

سەبارەت بەو بەشەى پارەی ساڵانی (2014-2015-2016) کە لای حکومەتی عێراق ماوە رایگەیاند: تائێستا ئەو کێشەیە یەکلایی نەبووەتەوە و پارەکە رەزامەندی ناردنی نەدراوە سەرباری ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی نووسراوی پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.

ئەمساڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان 354936 تۆن گەنمیان رادەستی حکومەتی عێراق کردووە، کە پارەکەی 181 ملیار و 100 ملیۆن دینارە، تاوەکو ئێستا بڕی 105 ملیار دینار نێردراوە، بەڵام هێشتا 25 ملیار دیناری پارەی گەنمی رادەستکراوی ئەمساڵ لای بەغدا ماوە.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure