رزگاربوویەک: ژیان لەناو ژنە دەستگیرکراوەکانى داعش سەختتر بوو

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/09/2019‌ :: 1594‌ جار بینراوە
دڵسۆز مسته‌فا

دواڕۆژ، دهۆك

له‌گه‌ڵ هه‌شت ئه‌ندامى ترى خێزانەکەى کەوتە دەست داعش و چارەنووسى پێنجیان تائێستا بە نادیارى ماوەتەوە، ئەو لە تەمەنى مێردمنداڵى خۆیدا بووە قوربانى حەزى پیاوانى داعش و لەماوەى ژێردەستەییدا سێ جار ئاڵوگۆڕى پێوەکراوە و دەڵێت: ژیان لەناو ژنە دەستگیرکراوەکانى کەمپى هۆڵ سەختتر بوو.


دڵسۆز مسته‌فا عه‌مێ، له‌ ته‌مه‌نى 14 ساڵى له‌ گوندى كۆچۆى قه‌زاى شنگال لە 15ى ئابى 2014 لەگەڵ ئەندامانى خێزانەکەى كه‌وته‌ ده‌ست داعش، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت: "تائێستا چاره‌نووسى دایك و باوك دوو خوشك و برایه‌كى نازانێت".

ناخۆشترین رۆژ
دڵسۆز باسى یه‌كه‌م رۆژى كه‌وتنە ده‌ست داعش ده‌كات و ده‌ڵێت: "رۆژى 15ى ئابى 2014، چه‌كدارانى داعش له‌ گوندى كۆچۆوە رفاندیانین و بەرەو شنگال و موسڵ و پاشان سوریا-یان بردین، داعش له‌ شنگال دایك و باوكم-یان لێجیاکردینەوە، ئه‌وه‌ ناخۆشترین رۆژى ژیانمه‌".

ئەو لەگەڵ دوو خوشکیدا لەلایەن چەکدارانى داعش براونەتە رەققە و دواتر دابەشکراون "لەوێ داعشێكى عێراقى به‌ناوى (ئه‌بو محه‌مه‌د) منى وه‌ك هاوسه‌رى خۆى هه‌ڵبژارد و دەستدرێژى کردەسەرم" دڵسۆز نزیكه‌ى دوو ساڵ و نیو لاى ئه‌و چەکدارە دەمێنێتەوە، لەوکاتانەش کە لە رەققە بووە ناوبەناو هەلى ئەوەى بووە سەردانى خوشکەکەى بکات کە ئەویش لە دەست چەکدارێکى تردا بووە.

راكردن له‌ شه‌ڕ
به‌هۆى هێرشى به‌رده‌وامى شەڕڤانانى كورد و هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر داعش (ئه‌بو محه‌مه‌د) به‌رده‌وام له‌ شه‌ڕدا بووە و له‌ شوێنێك بۆ شوێنێكى تر چووە و ئەویشى لەگەڵ خۆى بردووە، بەڵام ئەم کارە زۆرى نەخایاندووە، دڵسۆز وتى: "ئه‌و لێم بێزاربوو، بۆیە منى فرۆشته‌ داعشێكى ئه‌وروپى به‌ ناوى (ئه‌بو ئه‌حمه‌د)" ئه‌و داعشه‌ ژنێكى دیكه‌ى عێراقى هه‌بووە و هه‌ردووكیان بۆ دڵسۆز زۆر خراپبوون، بەو حاڵەش ماوەى 10 مانگ لە (ئەبو کەمال) لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە.

جارێکى تر رفاندن
پاش کوشتنى (ئەبو ئەحمەد) لە ئاکامى هێرشى فڕۆكه‌كانى هاوپه‌یمانان، دڵسۆز دەکەوێت دەست چه‌كدارێكى دیكه‌ به‌ناوى (ئه‌بو عومه‌ر عێراقى) و راستەوخۆ بەرەو دێرەزور دەیڕفێنێت و دواى سێ مانگیش دەیفرۆشێتە داعشێكى دیكه‌ى عێراقى به‌ناوى (ئه‌بو سه‌جاد).

دڵسۆز لەگەڵ ئەو چەکدارەى داعش دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات گه‌یشتنه‌ باغۆز، به‌ ناچارى (ئه‌بو سه‌جاد) خۆى راده‌ستى هێزه‌كانى سوریا دیموكرات دەکات و ئەویش دەچێتە كه‌مپى (هۆڵ).

ژیان له‌ناو ژنانى داعش 
دواى پێنج ساڵ مانەوە له‌گه‌ڵ پیاوانى داعش، دڵسۆز لە ساڵى 2019 دەکەوێتە ناو ژنانى داعش، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت: "ژیان له‌ناو ژنه‌كانى داعش له‌ كه‌مپى (هۆڵ) زۆر سه‌خت بوو، ته‌نانه‌ت نه‌مدەوێرا باسى ده‌رچوون له‌و كه‌مپه‌ بكه‌م" تا ئەوکاتەى دەرفەتێکى بۆ هەڵدەکەوێت و پەیوەندى بە (یه‌سرى)ى برایەوە لە دهۆک دەکات کە تا ئەوکات ژمارە مۆبایلەکەى لەبیرنەکردبوو، براکەشى به‌ هاوكارى ماڵى ئێزدییه‌كان له‌ هه‌رێمى جه‌زیره‌ى رۆژئاواى كوردستان رزگاریدەکەن.

دڵسۆز رۆژى 17 ئابى رابوردوو لە كه‌مپى هۆڵ رزگاریبوو، ئێستاش له‌ كه‌مپى قادییا له‌ دهۆك له‌گه‌ڵ براکەیدا لە چاوەڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌ى دایك و باوك و خوشک و براکانیدایە.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure