رزگاربوویەکى دەستى داعش: یەکەمجار بە دیارى درامە چەکدارێکى کورد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/09/2019‌ :: 25561‌ جار بینراوە
ناڤین رەشۆ

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

کچە ئێزدیه‌كى رزگاربووى دەستی داعش دەڵێت: پاش رفاندنی یەکەمجار وەک دیارى دراوەتە چەکدارێکى کورد کە بە سۆرانی قسەی دەکرد و ده‌شڵێت: پاش نەمانى دەسەڵاتى داعشیش نەیتوانیوە خۆى وەک ئێزدییەک بناسێنێت چونکە ترسى ئەوەى هەبووە کە نەیدەنەوە دەست کەسوکارى.


ناڤین رەشۆ دەروێش، کچە رزگاربوویەکی ئێزدی، پێشتر ماڵیان لە گەڕەکی ئازادی بوو لە سەنتەری قەزای شه‌نگال و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ کارمەندی رادیۆی چیای شه‌نگال بوو، رۆژی یەکەمی ھێرشی داعش لە 3ی ئابی 2014 لە تەمەنی 20 ساڵیدا رفێندرا و لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە سەرەتای ھاتنی داعش، لە بەیانییەوە خۆمان گەیاندە چیای شه‌نگال، ئێوارەی ھەمان رۆژ دەستگیرکراین و رۆژی دواتر بردیانینە سوریا".

جوانەکانیان برد بۆ موسڵ
ناڤین بە دواڕۆژی وت: "دوای هەفتەیەک چەکدارانی داعش داوایان لە ئێمە کرد بە زۆر موسڵمان ببین و واز لە ئایینی خۆمان بێنین، دواتر ناونووسکراین و لێک جیاکرایین، ئەو کچانەی کە جوان بوون و ئەو ژنانەی کە لە تەمەنێکی مامناوەندبوون و پیاوەکانیان لەگەڵ نەبوون، پێکەوە بردیانینه‌ شاری موسڵ بۆ  ماڵێکی سێ نھۆمی کە ژمارەیەکی زۆری کچانی ئێزدی تیابوو".

"وه‌ك دیاریی بە سەر چەکدارەکاندا دابەشکراین"
وتیشی: "لە سەرەتاوە کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمە نەکرد، بە دیاریی بەسەر چەکدارەکانیان دابەشکراین، دوای دوو مانگ لە رفاندنمان یەکەم جار کە چەکدارێکی ئەو رێکخراوە منی بۆ خۆی برد، منیان لە موسڵەوە ھێنایە ناوچەی گرعزێر لە شنگال و لەوێ ناونووسکراین و بە پێشبرکێ و راکێشانی ناوەکانمان ناوم بۆ یەکێکیان دەرکەوت و منی بۆ خۆی برد. دواتر چەند جارێک کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمەوە کرد کە لە سەرەتادا وانەبوو. جارێک بیستم ئەو چەکدارە بیانییانەی کە لە دەرەوەی عێراق و سوریا ھاتوونەتە ناو ئەو رێکخراوە، گەلێک پارەیان پێبووه‌، ئەوان دەیانوت ھەر ده‌کوژرێین و ناگەڕێینەوە بۆیه‌ ژیانمان خۆش دەکەین. ئەو چەکدارە بیانییانە بەھای کڕین و فرۆشتنی کچانی ئێزدی-یان لەسەر یەکتر گران دەکرد، چونکە ھەر چەکدارێک لە ئەوروپاوە ھاتبا توانای ھەبوو کچێک بە دڵی خۆی بە ١٠ بۆ ١٥ ھەزار دۆلار بکڕێت، لەھەمانکاتدا نەیانده‌ویست منداڵیان ھەبێت لەو کچانە، چونکە ئەگەر منداڵیان ھەبوایە دواتر نەیانده‌توانی کچەكه‌ بفرۆشنه‌وه‌، کاتێک چەکدارەكه‌ ده‌کوژرا کچەکە ئازاد دەبوو و کەس نەیدەتوانی بیفرۆشێت".

ئەو کچە رزگاربووە دەڵێت: "ئەو چەکدارەی جاری یەکەم منی بۆخۆی برد، چەکدارێکی کورد بوو بە زمانی سۆرانی قسەی دەکرد، دوای چەند رۆژێک لە ناوچەی گرعزێر لە سنووری شه‌نگال بردمیە شوێنێکی تر، دواتر بە دیاریی دامى بە ھاوڕێیەکی خۆی. ئەو چەکدارەی منی وەک دیاریی وەرگرت، نزیکەی دوو ساڵ لەلای مامەوە، لەو ماوەیەی کە لە ناوچەی باغۆز بووین ژیان لەوێ زۆر سەخت بوو، نان و ئاو و خواردن بەشێوەیەکی گشتی زۆر کەم بوو، ئاردیش بە دەست خەڵک نەدەکەوت".

لە باغۆزەوە بۆ کەمپی ھۆڵ
ناڤین ده‌ڵێت: "دواى ئەوەى ھێرش کرایەسەر باغۆز و شەڕ و پێکدادانی سەخت روویدا، من لەگەڵ خێزانەکانی داعش ھەڵاتم و باغۆز-مان جێھێشت، خۆمان گەیانده‌ کەمپی ھۆڵ، ماوەی دوو مانگ و نیو لەو کەمپەدا مامه‌وه‌ و دواتر رزگارکراین و بردیانینە ماڵی ئێزدیەکان لە کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان".

"کەمپی ھۆڵی چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان بەسەر سێ بەش دابەشکرابوون، بەشی عێراق و سوریا و پەنابەران، من لە بەشی پەنابەران بووم، لە بەشی ئێمە تەلەفۆن و کارەبا نەبوو، خواردن لەو کەمپەدا باشبوو".

چۆنیەتى رزگاربوون
ناڤین وتی: "لەوکاتەی لە کەمپی ھۆڵ بووم، بەردەوام ھەوڵمدەدا رێگایەک بۆخۆم بدۆزمەوە و ھەڵبێم، بەڵام نەمتوانی. جارێک لە  خێمە ھاتمە دەرەوە کەسێکم بینی جگەرەى بەدەستەوەبوو بە دووری چەند مەترێک، پرسیارم لە ژنێکی داعش کرد ئەوە کێیە؟ وتى: رۆژنامەنووسن، یەکێکیان کوردە و ئەویتر خەڵکی بریتانیایە، ژنێکی کوردیشیان لەگەڵدایە. کە زانیم دوو کەسیان کوردن دڵم بەشێوەیەکی خێرا لێیدا، زۆر ترسام و دەمویست خۆم تەسلیم بکەم و نەمتوانی، دواتر چەند جارێک ئەو گروپە ھاتنە ناو کەمپەکە، رۆژێک ھاتنە خێمەی بەرامبەرمان، دیسان پرسیارم کرد: ئەمانە کێن؟ وتیان: رۆژنامەنووسن. منیش بریارمدا خۆم تەسلیم بکەم".

"لەوە دەترسام کە خۆم تەسلیم بکەم بمدەنە دەستی سەربازەکانی ئەمریکا و دواتر کەسوکاری خۆم نەبینم، یان خۆم بدەمە دەستی یەپەگە و بمبەنە شوێنێک و کەسی خۆم لەوێ نەبێت. جارى وایش هه‌بوو وابیرم دەکردەوە کە خۆم تەسلیم بکەم به‌ڵام ئەوان باوەڕم پێنەکەن کە ئێزدیم و بڵێن داعشە. دواتر بەو ژنە داعشەم وت: من ئێزدیم و دەمەوێت قسە لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە کوردە بکەم".

ناڤین وتی: "ژنە داعشه‌كه‌ بانگی رۆژنامەنووسە کوردەکەى کرد و ھاتە دەرەوە لە خێمەكە، منیش پێموت: کچێکی کوردی ئێزدی لای ئێمەیە، دەیەوێت خۆی تەسلیم بکات. ئەویش وتی: لە کوێیە؟. وتم: لێرەیە. من خۆم قسەم لەگەڵ رۆژنامەنووسە کوردەكه‌ دەکرد بەڵام ترسام، پێمنەوت ئەو کچە ئێزدییه‌ خۆمم".

ژنە داعشێک چی بە ناڤین وت؟
ناڤین دەڵیت: "لەوکاتەدا رۆژنامەنووسە بریتانیەکەش ھاتەدەرەوە و پرسیاری کرد، ویستی بزانێت ئێمە باسی چی دەکەین. دواتر زانیی کە کچێکی کورد دەیەوێت خۆی تەسلیم بکات. ئەویش لەگەڵ رۆژنامەنووسە کوردەکە وتی: منیش ھاوکاردەبم. لەو کاتەدا ژنە داعشەكه‌ بردمیە ناو خێمەکە و پێى وتم: کات ھاتووە خۆت تەسلیم بکەی. جارێکی تر چوومەوە لای ھەردوو رۆژنامەنووسەکە و پێم وتن: من ئێزدیم و دەمەوێت خۆم تەسلیم بکەم. ئەوانیش وتیان ھاوکاریت دەکەین".

"ھەر دوو رۆژنامەنووسەکە بەمنیان وت دەچینە دەرەوەی کەمپەکە و کەسێکی ئێزدی لەوێیە، قسەی لەگەڵدا دەکەین و چاوەڕێمان بکە کەمێکی تر دەگەرێینەوە. دوای نزیکەی دوو کاتژمێر ھاتن و پێکەوە لە کەمپەکە دەرکەوتین، کاتێک گەیشتینە ناو ئیدارەی کەمپەكه‌ ئەوەندە ترس و دڵەڕاوکێم لا دروست بوو، چاوەکانم وشک بوون و فرمێسکیش نەھاتەخوارەوە. لە ئیدارەی کەمپەکە وێنەی منیان گرت و دواتر بردیانمە ماڵی ئێزدییەکان. 17 رۆژ لەوێ بووین و لە 2019/6/6 گەیشتینە ناحیەی سنۆنێ لە سنووری شه‌نگال و لە ھەمان رۆژدا گەیشتمە لای کەسوکارەکانم لە ناحیەی باعەدرێ".

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure