رێككه‌وتنى لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هەڵەبجە هەڵوەشایەوە

هەواڵ / کوردستان :: 13/09/2019‌ :: 1231‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

چه‌ند رۆژێك دواى واژۆكردنى رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هەڵەبجە و دابه‌شكردنى پۆسته‌ ئیدارییه‌كان، پارێزگارى شارەکە نووسراوێک ئاراستەى وه‌زاره‌تی ناوخۆ دەکات و داواى راگرتنی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دەکات.


به‌ گوێره‌ى ئه‌و نووسراوه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ و واژۆى (ئازاد تۆفیق) پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ى له‌سه‌رە و ئاراستەى وه‌زاره‌تی ناوخۆ/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دیوان کراوە تیایدا هاتووە: داواكارین كار به‌ نووسراوی ژماره‌ (3212/1) لە (2019/9/10) مه‌كه‌ن و رابگیرێت.

هه‌ر له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوەتەڕوو: لایه‌نێكی سیاسی كه‌ پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌زمونێكی سه‌ركه‌وتنی له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، واژۆی ته‌نیا له‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ كردوه‌ و هیچی تر.

پێشتر لایەنە سیاسیەکان لە هەڵەبجە لەسەر پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگا و دابەشکردنى کورسییەکانى رێککەوتن و پاش ناردنى ناوى کاندیدەکانیان، ناوەکان لەلایەن پارێزگاوە رەوانەى وەزارەتى ناوخۆ کرا تا ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران بکرێت بەمەبەستى دەرکردنى فەرمان بۆ دەستبەکاربوونیان.

بەڵام لە پرسى تایبەت بە دابەشکردنى پۆستى فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکان ناکۆکى کەوتە نێوان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان.

لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌رى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى 9ى شاره‌زوورى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: ئێمه‌ پابه‌ندى واژۆكه‌ى خۆمانین له‌ رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ڵام بۆ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، نه‌ك دابه‌شكردنى پۆست و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیه‌كان، 

وتیشى: "پێكهێنانى ئه‌نجومه‌ن و دابه‌شكردنى پۆسته‌ ئیدارییه‌كان دوو پاكێجى جیاوازن".

دەقى نووسراوەکە:

پێداچوونەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure