ساڵانە بە بڕی زیاتر لە 6 ملیۆن دۆلار کۆندۆم هاوردەی کوردستان دەکرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 17884‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش خواستێکی زۆر لەسەر کڕینی کۆندۆمە کە خێزانەکان بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی منداڵ بەکاریدەهێنن.


زیاتر لە 300 کۆمپانیای هاوردەکاری دەرمان لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن کە هەر کۆمپانیایەک ساڵانە لەپاڵ پێویستییە پزیشکییەکان و دەرمان بە بڕی 20 هەزار دۆلار کۆندۆم هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن.

قەیرانی دارایی و خراپی بارودۆخی دارایی کورستان وایکردووە خەڵکێکی زۆر خۆیان دووربگرن لە منداڵبوون، یەکێک لەو رێگە سەرەکییانەی بەکاریدەهێنن کۆندۆمە کە ئەمەش وایکردووە تەواوی دەرمانخانەکان کۆندۆم بفرۆشن.

رێناس بەکر، خاوەنی دەرمانخانەی هەڤاڵان لە هەولێر، بۆ دواڕۆژی ئاشکراکرد: خواست لەسەر کۆندۆم زۆرە بەتایبەت ئەو خانەوادانەی منداڵیان زۆرە، بۆ رێگریکردن لە منداڵبوون بەکاریدەهێنن.

رێناس سەبارەت بە فرۆشی کۆندۆم دەڵێت: "زیاتر لە 20 جۆر کۆندۆممان هەیە، چونکە خواستی زۆری لەسەرە".

لەبارەی نرخی کۆندۆم ئەو پزیشکەی دەرمانسازی دەشڵێت: "کۆندۆمەکان جۆریان زۆرە و نرخیشیان لە 2000 دینار تاکو 10 هەزار دینارە، ئەوانەی هەرزانن جۆری کۆری و تایلەندی و چینییە، ئەوەی گرانە جۆری ئەڵمانی و ئەمەریکییە، بەڵام زۆرترین خواست لەسەر کۆندۆمی نرخ هەرزانە".

عەزیز مەجید، کە بازرگانێکی هاوردەکاری دەرمان و پێویستی پزیشکییە باس لەوەدەکات، ساڵانە خواستێکی زۆر لەسەر کۆندۆمە و ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت.

ئەو بازرگانە بەدواڕۆژی وت: "ساڵی رابوردوو بای 12 هەزار دۆلار کۆندۆممان هێناوە، بەڵام ئەمساڵ بای 20 هەزار دۆلار تەنیا کۆندۆممان لە وڵاتانی چین و ئەڵمانیا هاوردە کردووە".

دواڕۆژ پەیوندی بە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی تایبەتمەند بە هاوردەکردنی دەرمان و کۆندۆم کرد بەڵام داتایان لە لا نەبوو، بەڵام بەپێی داتای کۆمپانیاکان کە هەر کۆمپانیایەک ساڵانە بەبڕی 20 هەزار دۆلار کۆندۆمیان هاوردە کردووە، ئەوا لەکۆی 320 کۆمپانیا ساڵانە بەبڕی زیاتر لە 6 ملیۆن دۆلار کۆندۆم هاوردە کراوە، بەپێی قسەی بازرگانان بەشێکی پێویستی پزیشکی و دەرمان لەنێویاندا کۆندۆم بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق دەڕوات.

بەپێی قسەی پزیشکان بەکارهێنانی کۆندۆم بەشێوەیەکی بەردەوام زیانی دەبێت بۆ تەندروستی کەسەکە.

دکتۆر یوسف فاروق، پزیشکی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "هیچ رێکارێک نییە کە لەسەدا سەد رێگری بکات لە منداڵبوون، بەڵام بەکارهێنانی کۆندۆم خراپ نییە، بەومەرجەی بەردەوام نەبێت واتا هەموو هەفتەکە کۆندۆم بەکارنەهێنرێت".

دەشڵێت: "کۆندۆم جێگای متمانە نییە بۆ رێگریکردن لە منداڵبوون، چونکە رەنگە کۆندۆمەکە کوون بێت یان کەسەکە لە ناوەڕاستی سێکسکردن بەکاریبهێنێت، یاخود زۆر جار سپێرمەکە لە لێواری کۆندۆمەکە دزەدەکات".

زۆرن ئەو خانەوادانەی سەرباری بەکارهێنانی کۆندۆمیش، بەڵام منداڵیان دروستکردووە، بۆیە ئەوکاتە بەناچاری لەباری دەبەن.

دکتۆرە بەیان فاروق، پزیشکی ئافرەتان و منداڵبوون، ئەوەی بۆ دواڕۆژ خستەڕوو: زۆر لەو خانمانەی سەردانیان کردووم بەبێ ئاگایی و ویستی خۆیان منداڵیان دروستکردووە واتا رێگریان کردووە، بەڵام منداڵ دروستبووە.

وتیشی: "نەخۆش هەبووە منداڵەکەی لەبار بردووە، چونکە منداڵیان زۆر بووە و توانای بەخێوکردنیان نەبووە، یاخود ویستی منداڵیان نەبووە".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure