عەرەبی کەرکوک داوای چارەنووسی رۆڵەکانیان لەهێزە ئەمنییەکان دەکەن

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 176‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەک هاووڵاتی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکوک ئەنجامدا و داوای چارەنووسی رۆڵەکانیان کرد کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بێسەروشوێنکراون.


لەگردبوونەوەکەدا کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان یاداشتێکیان رادەستی پارێزگاری کاتی کەرکوک کرد تاوەکو هەوڵبدرێت چارەنووسی دەستگیرکراوەکان بدۆزرێتەوە.

عەلی حسێن، سەرپەرشتیاری كه‌سوكاری دەستگیركراو و بێسه‌روشوێنەکانی کەرکوک بەدواڕۆژی راگەیاند: بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەتوندی رەتدەکەینەوە چونکە نکۆڵی لەبوونی رۆڵەکانمان دەکات لەبەندینخانەکان لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی عەرەب لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە.

وتیشی: "داواکارین دەستگیرکراوەکانی هەرێم رادەستی هێزە عێراقیەکان بکرێنەوە تاوەکو دۆسییەکانیان لەدادگا یەکلاییبکرێتەوە".

لە 20ی مانگی رابوردوو گردبونەوەی عەرەبی لەکەرکوک ناوی هەزار کەسی رادەستی راکان جبوری کرد و ئاسایشی یەکێتی و پارتیان بەڕفاندنیان تۆمەتبارکرد.

لەکاردانەوەی ئەو تۆمەتانەشدا هەفتەی رابوردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیکردەوە هیچ دەستگیرکراوێکی عەرەبی کەرکوک لەبەندینخانەکانی هەرێمدا هەبێت.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure