"حكومه‌تى هه‌رێم ده‌سته‌یه‌كى نیشتمانى پێكدەهێنێت"

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 261‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ هاوبه‌شى په‌رله‌مان، ده‌سته‌یه‌كى نیشتمانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا پێكدەهێنێت.


(ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ى ئه‌یلولى 2019) شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ له‌ سه‌رۆكى دیوان و سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێكهاتبوون، سه‌ردانى په‌رله‌مانى كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ چه‌ند لیژنه‌یه‌كى په‌یوه‌ندیدار به‌ كێشه‌ى نه‌وت، دارایى و جوگرافیاى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا، ئومێد سه‌باح سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێی راگه‌یاندووین كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بڕیارى دامه‌زراندنى ده‌سته‌یه‌كى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان داوه‌ بۆئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى پرسه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات.

وتیشى: "ئه‌و ده‌سته‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ى رۆڵى ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا، رێنمایى و یاداشت له‌سه‌ر كۆى كێشه‌ نیشتمانی و چاره‌نووسسازه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتان، ده‌داته‌ حكومه‌تى هه‌رێم بۆئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ربكرێن".

له‌باره‌ى شێوازى پێكهێنانى ده‌سته‌كه‌، محه‌مەد سه‌عده‌دین وتى: "ورده‌كارى زیاترى نه‌خسته‌ڕوو، به‌ڵام پێده‌چێت ده‌سته‌كه‌ له‌ به‌رپرسانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و به‌شێك له‌ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان پێكبێت".

كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان و حكومه‌ت، دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ بڕیاره‌ له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو له‌سه‌ر كێشه‌ى مووچه‌و بودجه‌ى 2020ى عێراق و دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى هه‌رێم، وه‌فدێكى حكومه‌تى هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا.

پ: ن.ر
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure