حكومه‌تی فڕه‌نسا كورسی خوێندن بۆ هه‌رێمی كوردستان دابینده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 342‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


بەپێی یاداشتنامەیەکی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و باڵیۆزخانەی فڕەنسا لە عێراق، حکومەتی فڕەنسا بە هاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، ماستەر و دکتۆرا و خولی ڕاهێنان بۆ مامۆستا و فەرمانبەران لە دامەزراوەکانی وڵاتەکەی دابیندەکات.


(ئەمڕۆ پێنجشەممە12ی ئه‌یلولی2019) یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و باڵیۆزخانەی فڕەنسا لە عێراق لەلایەن هەریەک لە وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم و ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز، بۆ دابینکردنی سكۆله‌رشیپی خوێندن له‌ باڵیۆزخانه‌ی فڕه‌نسا له‌ عێراق بەخەرجی هاوبەش ئیمزاکرا.

لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هه‌ردوولا ناوه‌رۆكی یاداشتنامه‌كه‌یان خستەڕوو و ئارام محەمه‌د، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: فڕه‌نسا تەنیا لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە هاوکاری هەرێمی کوردستانی نەکردووە، بەڵکو لە بوارەکانی سەربازی و مرۆیی و دیموکراسی چەندین بواری دیکە هاوکاری گەلەکەمان بووە.

وتیشی: "ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگ و مێژوویە کاتێک ئەم یاداشتنامەیە ئیمزا دەکەین و دەرفەتی خوێندن فەراهەم دەکات بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران، چونکە هەمووشمان لەوە تێدەگەین کە سیستمی خوێندنی فڕەنسا سیستمێکی پێشکەوتوو و مۆدێرنە، ئەوەش بۆ ئێمە جێگەی بایەخە، هیوادارین دەرفەتی باش بڕەخسێندرێت بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان له‌ كوردستان.

لای خۆشییه‌وه‌ ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز کونسوڵی گشتی فڕەنسا لە هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: لە ڕابوردوودا پرۆژە هاوبەشەکانمان لەسەرجەم سێکتەرەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بۆ ئێمە گرنگە پەرۆشی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان لە پێناو سەرخستنی پرۆژەکە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئەم گرێبەستە لە داهاتوودا ژینگەیەکی گونجاو دروست دەکات کە دەبێـتە زەمینە و سەرچاوەیەکی باش بۆ پێشکەوتنی ئاستی زانستی زانکۆکان.

روونیشیكرده‌وه‌: لە چوارچێوەی هاوکاری دوو لایەنەی نێوان فرەنسا و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و باڵیۆزخانەی فرەنسا لە عێراق کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و زانستی لە نێوان وڵاتی فرەنسا و هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان دامەزراوەکان. مەبەست لەئیمزاکردنی ئەم یاداشتنامەش دەستنیشانکردنی مەرج و رێنماییەکانی بەرنامەی سكۆله‌رشیپه‌كه‌یه‌، کە خەرجییەکانی بەهاوبەشی هەردولا لەئەستۆی دەگرن، ئەویش بۆ باشترکردنی توانای توێژەر و مامۆستا و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان.

هاوكات وه‌زیری خوێندنی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم روونیشیكرده‌وه‌: بەپێی یاداشتنامەکە خوێندنی تەرخانکراو بریتیە لە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، توێژەرانی دوای بەرنامەی دکتۆرا، ئەندامانی دەستەی وانەبێژان و فەرمانبەرانی ئەندازیار و کارگێری و تەکنیکی.

لەبارەی کاتی پێشکەشکردن بۆ بەرنامەی سكۆله‌رشیپی فرەنسا، بە پێی خاڵێکی نێو یاداشتنامەکە، راگەیاندن بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەکان لە رۆژی 30ی تشرینی دووه‌می 2019 دەست پێدەکات و مەرج و ڕێنماییەکان بۆ هەریەک لە جۆرەکانی خوێندن دەستنیشان دەکرێت و دواتریش هەڵبژاردنی کاندیدەکان لە رێگەی لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەئەندامیەتی نوێنەرێک لە باڵیۆزخانەی فرەنسا لە بەغداد ئەنجامدەدرێت.

ئارام ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت: "بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتنامەكه‌ باڵیۆزخانەی فرەنسا پشتگیری ئەم بەرنامەیە دەکات لە ڕێگەی دابینکردنی بلیتی فڕۆکە و بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن، کە لە لایەن حکومەتی فەرەنسا دیاری کراوە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بژێوی ژیانی خوازیاران بە پێی ئەم پێوەرانەی کە جێبەجێ دەکرێت لە سەر خوێندکاری بیانی دابیندەکات.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure