له‌باره‌ى به‌رده‌وامیی مووچه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان په‌یامێكیان راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستانی :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 9357‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

حكومه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ره‌ى سه‌ره‌كى له‌ بیناى په‌رله‌مانى كوردستان كۆبوونه‌وه‌و په‌رله‌مانتارێكیش رایگه‌یاند: تائیستا هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر مووچه‌ى هه‌رێم نییه‌و ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.


شاندێكى حكومه‌ت كه‌ پێكهاتبوون له‌سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ى ئه‌یلولى 2019) سه‌ردانى په‌رله‌مانى كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ چه‌ند لێژنه‌یه‌كى په‌یوه‌ند به‌ كێشه‌ى نه‌وت و دارایى و جوگرافیاى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.

له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامى لێژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر بوون، ئه‌وانیش گرفته‌كانى   بودجه‌، نه‌وت، خاك و ئه‌منییه‌تى  كوردستان".

شێركۆ جه‌وده‌ت وتیشى: "تائیستا هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان نییه‌ و ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام بۆ درێژه‌دان به‌ مه‌سه‌له‌ى ئاشته‌وایى پێویسته‌ رێككه‌وتنێكى سیاسى له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كان ئه‌نجام بدرێت و كێشه‌ هونه‌رییه‌كانیش چاره‌سه‌ر بكرێن".

هاوكات له‌باره‌ى داواكاریه‌كانیان وه‌كو په‌رله‌مان، شێركۆ جه‌وده‌ت وتى: "ئه‌وان داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، پێویسته‌ مانگانه‌ راپۆرت له‌باره‌ى داهاتى نه‌وت و سووته‌مه‌نى رابگه‌یه‌نرێت و ته‌واوى داهاتى هه‌رێم بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى و شه‌فافیه‌ت له‌ ته‌واوى پڕۆژه‌كاندا هه‌بێت و هاوكات پڕۆژه‌ پێشنیارى چاكسازى په‌سه‌ند بكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure