12 پەنابەری کورد له‌ توركیا ده‌ستگیركراون

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 156‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

فیدراسیۆنی پەنابەران داوا دەکات ئەو پەنابەرانەی لە (غازی ئەنتاب)ى توركیا و له‌لایه‌ن به‌رپرسانى توركه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، ئازاد بكرێن.

دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران، بە دواڕۆژى وت: "نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا، ئاگاداریکردووینه‌ته‌وه‌ لە دەستگیر و زیندانیکردنی 12 پەنابەری کورد لە یەکێک لە گرتووخانەکانی غازی ئەنتاب لە تورکیا".

وتیشی: "کارن جۆنس، یەکێک لە هەڵسوڕاوانی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لە لەندەن نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە و باڵیۆزخانەی تورکیا لە لەندەن کرد و داواى لێکردوون ئەو 12 پەنابەرە کوردەی لە گرتووخانەی دەستبەسەری غازی ئەنتاب راگیراون ئازاد بکەن".

ده‌شتى جه‌مال دەڵێت: "هاوکات باڵیۆزی عێراق و نوێنه‌رى رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران  لە ئەنکەرە-مان ئاگادارکردووه‌تەوە لە نیشاندانی بەرپرسیارێتیان لە چارەنووسی ئەو 12 پەنابەرە کوردە".

ئه‌و 12 پەنابەره‌ كه‌ نزیکه‌ى دوو هەفتەیە دەستگیرکراون، ویستبوویان بەرەو یۆنان یاخود ئیتالیا بڕۆن، به‌ڵام لە سنووری تورکیا-یۆنان دەستگیرکراون و براونه‌ته‌ شاری غازی ئەنتاب، ئێستا لە یەکێک لە زیندانەکانی ئەو شارەدا دەستبەسەرن .

بەپێی زانیارییەکانی فیدراسیۆنی پەنابەران"یه‌كێك له‌ ده‌ستگیركراوه‌كان خەڵکی سلێمانى و ئەوانی دیکەیان خەڵکی رانیە و سەنگەرسەر و چوارقوڕنە-ن، لەئێستادا بەهۆی لێسه‌ندنى مۆبایلەکانیانه‌وه‌ پەیوەندییان بە فیدراسیۆنەوە پچڕاوە". 

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure