"كۆسرەت رەسوڵ دەبێتە كەسی یەكەمی یەكێتی"

هەواڵ / کوردستان :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 2612‌ جار بینراوە
كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بڕیاروایە لە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتیدا، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، ببێتە كەسی یەكەمی ئەو حیزبە.


بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەت لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژ دراوە، بۆ كۆنگرەی داهاتوو كۆسرەت رەسوڵ دەبێتە كەسی یەكەمی حیزبەكەیان و وتی: "پێش كۆبوونەوەی سەركردایەتی قسەیەك هەبوو كە بەرهەم ساڵح بەنیازە خۆی بۆ سكرتێری یەكێتی كاندیدبكات، بەڵام لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا بەرهەم ساڵح بەئاشكرا رایگەیاندووە كە (خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید ناكات و لاریشی نییە كۆسرەت رەسوڵ ببێتە كەسی یەكەم) هەر لەكۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی تاڵەبانیش ئامادەبووە، هیچ قسەیەكی لەسەر وتەكانی بەرهەم ساڵح نەبوو".

سەبارەت بەوەی ناوی ئەو پۆستە چی دەبێت كە لە كۆنگرەدا دەدرێتە كۆسرەت رەسوڵ وەك كەسی یەكەم، ئەو سەرچاوەیە وتی: "تائێستا نازانرێت ناونیشانی پۆستەكە و دەسەڵاتەكانی چۆن دەبن، چونكە ئەوە پەیڕەوی ناوخۆ و كاروبارەكانی ناو كۆنگرە رێكیاندەخات كە پەیوەندی بە پەیكەری ناوخۆی یەكێتییەوە هەیە، بەڵام بەهەر شێوەیەك بێت كەس لاری لەوە نییە كۆسرەت رەسوڵ ببێتە كەسی یەكەم".

سەركردایەتی یەكێتی لەدوایین كۆبوونەوەیدا كە رۆژی شەممەی رابوردوو سازیكرد، بڕیاریدا رۆژی 7ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ كۆنگرەی چوارەم ببەسترێت.

داڕشتنەوە: ئارام غەفور
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure