پۆستی رێكخەری گشتی گۆڕان یەكلایی دەبێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 11/09/2019‌ :: 1447‌ جار بینراوە

تاگ :: گۆڕان

دواڕۆژ، هۆگر كەمال

بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو (14ی ئەیلولی 2019)، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بكات.


سەرچاوەیەك لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە دواڕۆژی وت "لەناو گۆڕان رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی بۆ دوو ساڵی داهاتوو عومەری سەید عەلی بكرێتەوە بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە".

وتیشی "تا ئێستاش بە رەسمی هیچ كانیدێك بۆ ركابەری عومەری سەید عەلی بوونی نیە، تەنها بە دەنگۆی ناو گۆڕان، دەوترێت شۆڕش حاجی ئامانجی ئەوەیە خۆی كاندید بكات".

چەند رۆژێكە دەرگای پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ پۆستەكانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی لە ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان كراوەتەوە و دوا وادەشت بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ هەڵبژاردن لەناو جڤاتی نیشتمانی، كاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە (12ی ئەیلولی 2019) دەبێت.

تائێستا تەنها پێنج كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ پۆستەكانی دەستەی بەڕێوەبردنی جڤاتی گشتی كە لەسەرۆك و سكرتێر و جێگر پێكهاتووە، ئەمەش لەكاتێكدایە فۆڕم پێشكەشكردن بۆ ئەو پۆستانە كۆتاییهاتووە.

ئەگەرچی تا سبەینێ كاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ كات ماوە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ كاندید بوون بۆ پۆستی رێكخەری گشتی، بەڵام تائێستا كەس فۆڕمی بۆ ئەو پۆستە پڕ نەكردۆتەوە. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure